دۆخێکى مەترسیدار و پڕ لە پێشێلکارییە هەرێمى گرتووەتەوە

12 كاتژمێر لەمەوپێش



فیدراسیۆنی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی ڕایدەگەیەنێت، زنجیرەیەک ڕووداوی توندوتیژیی سیستماتیک و پێشێلکاریی ئاشکرای مافەکانی مرۆڤ، بوونەتە هۆی دروستبوونی کەشێکی پڕ لە ترس و نائارامی بۆ هاووڵاتیان، چالاکوانان، میدیاکاران و دەنگە ئازادەکان.

لەسەر بەردەوامی پێشێلکارییەکان و تێکچوونی دۆخی ئەمنی لە هەرێمی کوردستان،  فیدراسیۆنی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی ڕاگەیاندراوێکیان بۆ ڕای گشتیی کوردستان و عێراق بڵاوکردەوە.

لەبەشێکدیدا هاتووە: ئەم کردەوانە پێشێلکاریی ئاشکرای چەندین یاسا و پەیماننامەی نێودەوڵەتین، لەوانە: دەستووری عێراق، ماددەی (١٥) کە مافی ژیان و ئاسایش مسۆگەر دەکات، و ماددەی (٣٨) کە ئازادیی ڕادەربڕین و گردبوونەوەی ئاشتیانە دەپارێزێت.


دەقى ڕاگەیەندراوەکە

ڕاگەیاندراوێک بۆ ڕای گشتیی کوردستان و عێراق
لەسەر بەردەوامی پێشێلکارییەکان و تێکچوونی دۆخی ئەمنی لە هەرێمی کوردستان

بۆ دامودەزگا پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی عێراق 
بۆ نوێنەرایەتیی وڵاتان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان

ئێمە، وەک فیدراسیۆنی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، بە نیگەرانییەکی قووڵەوە چاودێریی ئەو دۆخە مەترسیدار و پڕ لە پێشێلکارییە دەکەین کە هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە. لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا، وێڕای نەدانی مووچەی سێ مانگی فەرمانبەرن، زنجیرەیەک ڕووداوی توندوتیژیی سیستماتیک و پێشێلکاریی ئاشکرای مافەکانی مرۆڤ، بوونەتە هۆی دروستبوونی کەشێکی پڕ لە ترس و نائارامی بۆ هاووڵاتیان، چالاکوانان، میدیاکاران و دەنگە ئازادەکان.

هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان لە نێوان دوو بەرداشدا دەهاڕدرێن: لە لایەکەوە، ڕووبەڕووی پێشێلکردنی مافە بنەڕەتییەکان و دابەشنەکردنی مووچە و سەرکوتکاریی ناوخۆیی و بوونەتەوە و لەلایەن هێزە ئەمنی و حیزبییەکانەوە. لەلایەکی ترەوە لەژێر هەڕەشەی هێرشی دەرەکیدان کە سەروەریی خاکی هەرێم دەبەزێنێت و ترس و دڵەراوکێی بڵاوکردتەوە.

ئەو ڕووداو و پێشێلکارییانەی کە جێگەی هەڵوەستە لەسەرکردنن:

١. نزیک دەبێتەوە لە مانگی سێیەم کە مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینانی هەرێم دابەش نەکراوە. لە کاتێکدا داهاتی نەوت و نا نەوت لە لایەن حکومەتی هەرێمەوە بەردەوام کۆدەکرێتەوە، نە خۆیان کارێکیان کردووە بۆ تێپەڕاندنی ئەم دۆخە، نە وەک حکومەتی عێراق داوای دەکات، داهاتەکانی ڕادەستی دەکەن، تا ئەوان مووچە و پێداویستیەکانی خەڵک دابین بکەن، بەڵکو بەرچاوی هەمووانەوە، داهاتی هەرێمی کوردستان خراوەتە خزمەت بەرژەوەندی (کۆمپانیا، میدیا، ڕێکخراو، بارەگا و دامەزراوەکانی حزب).

٢. شەهیدکردنی کارمەندێکی وەزارەتی ناوخۆ، بە ناوی (حەسەن رەحمان) ناسراو بە (حەسەن سەربەرزی) لە شەوی (١٣ی تەمموز) لە خۆپیشاندانی هاوڵاتانی ناحیەی وەرتێ، بۆ داوای کارەبا و مووچە. ئەم تاوانە کە لەلایەن بەرپرسێکی ئەمنییەوە ئەنجامدراوە، نیشانەی گەیشتنی دۆخەکەیە بە ئاستێکی مەترسیدار لە بەکارهێنانی دەسەڵات بۆ کوشتنی هەموو کەسێکی نا ڕازی.

٣. دەستگیرکردنی چەند مامۆستا و فەرمانبەرێک لە ڕۆژی (١٤ی تەمموز)، لە سلێمانی، کە بە شێوەیەکی مەدەنییانە دەیانویست گردبوونەوەیەکی ناڕەزایەتی ئەنجام بدەن، بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی لەسەر دۆخی مووچە، بەڵام بەداخەوە دووبارە هێزە ئەمنییەکانی سلێمانی پەلاماریاندان و سەرجەمیان دەستگیرکردن و یەکێکیش لەوان بەناوی (د. ئەحمەد ئەمین) بریندارکراوە، ئەمەش سەلمێنەری لێدانی سیستماتیکە لە هەموو ناڕەزایەتییەک لە تەواوی هەرێمی کوردستان. 

٤. هێرشکردنە سەر پارێزەران و چالاکوانان (شوان سابیر) لە شاری هەولێر، لە رۆژی (16ی تەموز) بەڵگەیەکی ترە، لەسەر بەرتەسککردنەوەی تەواوی ئازادی و هەوڵی کپکردنی دەنگی یاساناس و داکۆکیکاران لە هەموو شاروشارۆچکەکانی هەرێم. ئەم کردەوەیە هێرشە بۆ سەر سەروەریی یاسا و شکۆی پیشەی پارێزەری و فەرمانبەری.

٥. لە پاڵ پەلاماردانی خۆپیشاندەران و چالاکواناندا، بە شێوەیەکی بەرنامە بۆ داڕێژراو هێرش دەکرێتە سەر تیمە میدیاییەکانی کە ڕوماڵی داخوازییەکانی خەڵک دەکەن، ڕێگرییان لێدەکرێت لە ڕووماڵکردنی ڕووداوەکان، کەلوپەلەکانیان دەشکێنرێت یان دەستی بەسەردا دەگیرێت و ڕۆژنامەنووسان بەبێ فەرمانی دادگا دەستگیر دەکرێن. ئەمەش هەوڵێکی تری مەترسیدارە بۆ چەواشەکردنی ڕای گشتی، بێدەنگکردنی میدیای ئازاد و ڕێگرتن لە گەیشتنی زانیاریی دروست بە هاووڵاتیان.

٦.  لە ماوەی چەند رۆژی ڕابردوودا، چەندین جار شار و شارۆچکەکان، ناوچەی نزیک دانیشتوان، کێڵگە نەوتی و گازییەکان، دەوروبەری فڕۆکەخانەکان، لە هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی درۆنەوە کراونەتە ئامانج. حکومەتی هەرێم، جگە لە ئیدانەکردنێکی لاواز، هیچ هەنگاوێکی کرداریی بۆ پاراستنی گیان و ماڵی هاووڵاتیان نەناوە. حکومەتی فیدراڵیش لە ئاست ئەم پێشێلکارییەی سەروەریی خاکی هەرێم، کە بەپێی دەستوور بەشێکە لە خاکی عێراق، بێدەنگە و هیچ کاردانەوەیەکی نەبووە.
ئەم کردەوانە پێشێلکاریی ئاشکرای چەندین یاسا و پەیماننامەی نێودەوڵەتین، لەوانە:

• دەستووری عێراق، ماددەی (١٥) کە مافی ژیان و ئاسایش مسۆگەر دەکات، و ماددەی (٣٨) کە ئازادیی ڕادەربڕین و گردبوونەوەی ئاشتیانە دەپارێزێت.

• یاسای ڕێکخستنی خۆپیشاندان لە هەرێمی کوردستان (ژمارە ١١ی ساڵی ٢٠١٠)، کە مافی خۆپیشاندانی مەدەنی بە هاووڵاتیان داوە.

• جاڕنامەی گەردوونیی مافەکانی مرۆڤ، ماددەکانی (٣، ١٩، ٢٠) کە جەخت لەسەر مافی ژیان، ئازادیی ڕادەربڕین و گردبوونەوەی ئاشتیانە دەکەنەوە.

• پەیماننامەی نێودەوڵەتیی تایبەت بە مافە مەدەنی و سیاسییەکان (ICCPR)، کە عێراق واژۆی لەسەر کردووە و پابەندە پێیەوە، تێیدا پاراستنی ژیانی تاک و ئازادییەکان بە ئەرکی دەوڵەت دادەنرێت.

• یاسای کاری ڕۆژنامەگەری لە هەرێمی کوردستان (ژمارە ٣٥ی ساڵی ٢٠٠٧)، کە بە ڕوونی لە ماددەی (٧)دا ئاماژە بەوە دەکات "ڕۆژنامەنوس لەبەر ئەو کارەی کە پێی هەڵدەستێت لێپرسینەوەی لەگەڵ ناکرێت،" و ڕێگری دەکات لە دەستگیرکردنی ڕۆژنامەنووس و دەستبەسەرداگرتنی کەلوپەلەکانیان لەکاتی کارکردندا.
لەسەر بنەمای ئەوەی لە سەرەوە باسکرا، ئێمە داوا دەکەین:

یەکەم: لە حکومەتی هەرێمی کوردستان:

١. چارەسەرێکی خێرا و ڕیشەیی بۆ پرسی مووچە بدۆزرێتەوە و چیتر بژێوی خەڵک وەک کارتی فشار بەکارنەهێنرێت.
٢. بەپەلە لێکۆڵینەوەیەکی شەفاف و بێلایەن لەسەر هەموو ڕووداوەکانی کوشتن و هێرشکردنەکان دەستپێبکات و ئەنجامەکانی بۆ ڕای گشتی ئاشکرا بکات.

٣. تاوانبارانی هەموو ئەو دۆسیانەی ئاماژەمان بۆکردوون، بدرێنە دادگا و بە سزای یاسایی خۆیان بگەیەنرێن، بەتایبەت ئەو بەرپرسە ئەمنییەی کە لە تاوانی کوشتنی (حەسەن سەربەرزی) تێوەگلاوە.

٤. ڕێز لە مافی گردبوونەوەی ئاشتیانە و ئازادیی ڕادەربڕین بگیرێت و کۆتایی بە سەرکوتکردنی دەنگە ناڕازییەکان و هێرش بۆ سەر میدیاکاران بهێنرێت.

دووەم: لە حکومەتی فیدراڵی لە بەغداد:

١. چارەسەرێکی خێرا و ڕیشەیی بۆ پرسی مووچە بدۆزرێتەوە و چیتر بژێوی خەڵک وەک کارتی فشار بەکارنەهێنرێت، لە جیاتی فشار لە خانەنشین و فەرمانبەران، فشاری ڕاستەوخۆ بکاتە سەر سەرۆکایەتی حکومەت و هەموو پارت و لایەنە بەشدارەکانی حکومەت، کە یاری بە چارەنووسی مووچە خۆران دەکەن و دەستوور پێشێل دەکەن.

٢. ئەرکی دەستووریی خۆی لە پاراستنی سەروەریی خاکی هەرێمی کوردستان جێبەجێ بکات و هەڵوێستێکی جیددی بەرامبەر هێرشە دەرەکییەکان هەبێت.

سێیەم: لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق (UNAMI):

١. فشار بخەنە سەر حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵی بۆ پابەندبوون بە بنەماکانی مافی مرۆڤ و سەروەریی یاسا.
٢. چاودێریی وردی دۆخی مافەکانی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان بکەن و ڕاپۆرتی خۆیانی لەسەر بڵاوبکەنەوە.

ئێمە وەک فیدراسیۆن، بەردەوام دەبین لە چاودێریکردن و داکۆکیکردن لە مافی هاووڵاتیان، و هەرگیز لە بەرامبەر ئەم پێشێلکاریانەدا بێدەنگ نابین.
فیدراسیۆنی رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی
١٧ی تەموزی ٢٠٢٥

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار