تۆڕی هاوپەیمانی 19: كەس لەسەر هێرش كردنەسەر شوان سابیر دەستگیر نەكراوە

9 كاتژمێر لەمەوپێش



 

سلێمانی، 17ی تەمووزی 2025: تۆڕی هاوپەیمانی 19 بە توندی ئیدانەی هێرش كردنە سەر لێكۆڵەری دادی و رەخنەگر و چالاكوانی مافی مرۆڤ شوان سابیر گەردی دەكات، و داوا لە وەزیری ناوخۆ دەكات لێكۆڵینەوەیەكی جدی لەم رووداوە بكەن بۆ ئاشكراكردنی تاوانباران و لە سزا دەربازیان نەبێت.

كاتژمێر 1ی پاشنیوەڕۆی چوارشەممە 16ی تەمووز 2025، لە شەقامی 150 مەتری شاری هەولێر، بەرانبەر گوندی ئیسپانی2، سێ ئۆتۆمبێل رێگە بە شوان سابیر دەگرن، پاشان لە هەموو لایەكەوە پەلاماری دەدەن.

شوان بە تۆڕی هاوپەیمانی19ی راگەیاند، "دوو ئۆتۆمبێلیان هاتە بەردەمم، ئەوی تریان لە دواوە لكاندی بە ئۆمبێلەكەمەوە تا رێگەی دەربازبوونم نەبێت"، گووتی "لە هەر سێ ئۆتۆمبێلەكەوە شەش یا حەوت كەس دەبوون بە بۆكس و كلكە دەمانچە پەلاماریان دام و دەیانویست لە ئۆمبێلەكەم دابەزم"،  گووتیشی " پاش ئەوە ماندوو بوون لە لێدانم و پێیان گووتم، جارێكی تر قسە بە حكومەت نەڵێیت".

شوان سابیر پاش ئەوەی كە لە بەشی فریاكەوتنی خێرای نەخۆشخانەی رزگاری چارەسەر وەردەگرێت، دەچێت لە بنكەی پۆلیسی پێرزین، داوای یاسایی تۆمار دەكات و دادوەر گووتەی لێ وەردەگرێت، ئەوە 24 كاتژمێر بەسەر رووداوەكەدا تێپەڕیوە جارێ كەس لەسەر ئەم رووداوە دەستگیرنەكراوە.

شوان گووتی، "شەقامەكە تەنراوە بە كامێرای چاودێری حكومەت و كامێرای تایبەتی پرۆژەكان".
شوان سابیر گەردی، سەرۆكی تۆڕی دادپەروەری بۆ بەندییەكان لە عێراق، ئەندامی ئەنجومەنی ئەمیندارانی رێكخراوی فریاكەوتنی میلی (PAO)، هەروەها لێكۆڵەری دادییە لە سەرۆكایەتی داواكاری گشتی هەرێمی كوردستان.

شوان سابیر گەردی، رۆژی دووشەممە، 3ی ئازاری 2014، بەهۆی دانانی پۆستێك لەسەر لاپەرەكەی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی، لەلایەن  ئەنجومەنی دادوەری سكاڵای یاسایی لەسەر تۆماركرا. هەر ئەو رۆژە لە لایەن دادگای هەولێرەوە فەرمانی دەستگیركردنی بۆ دەرچوو. چوار رۆژ لە گرتوخانەی مەحەتە دەستبەسەركرا. 

ئەو كات سەنتەری میترۆ و رێكخراوی CDO، لەشاری سلێمانی گردبوونەوەیەكیان رێكخست و داوای ئازادكردنیان كرد.

تۆڕی هاوپەیمانی 19 بە توندی ئیدانەی هێرشكردنە سەر لێكۆڵەری دادی و رەخنەگر و چالاكوانی مافی مرۆڤ شوان سابیر دەكات و داوا لە وەزیری ناوخۆ دەكات لێكۆڵینەوەیەكی جدی لەم رووداوە بكەن بۆ ئاشكراكردنی تاوانباران و لە سزا دەربازیان نەبێت.

تۆڕی هاوپەیمانی19، لە كۆمەڵێك رێكخراوی داكۆكیكارانی مافی مرۆڤ، پێكهاتووە، سەنتەری میترۆ سەرپەرشتی دەكات، داكۆكی لە پرنسیپەكانی جاڕنامەی گەردوونی مافی مرۆڤ و بەڵگەنامە نێودەوڵتەییەكانی تری تایبەت بە ماف و ئازادییەكان دەكات، بە تایبەتیش بەندی 19ی جاڕنامەكە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار