ئەردۆغان: هێرشەکانی ئیسرائیل قبوڵ ناکرێت

6 كاتژمێر لەمەوپێش



ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ ئەحمەد شەرع سەرۆک کۆماری سوریا ئەنجامداو ڕایگەیاند هێرشەکانى ئیسرائیل قبوڵکراو نییەو بوەتە هەڕەشە بۆ سەرناوچەکە.

ئێوارەى ئەمڕۆ پێنج شەممە، سەرۆکایەتی کۆمار ڕاگەیەندراوێکى بڵاوکردەوەو ئاماژەی بەوەکردوە، لە میانی پەیوەندییە تەلەفۆنەکەیدا ئەردۆغان و شەرع دوایین دۆخی سوریا دوای هێرشەکانی ئیسرائیل تاوتوێ کراوە.

ئەردۆغان ڕایگەیاندوە، هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر سوریا قبوڵکراو نین، دەستدرێژی ئیسرائیل مەترسی بۆ سەر تەواوی ناوچەکە دروست دەکات و تورکیە بەردەوام دەبێت لە پشتیوانیکردنی گەلی سوریا، وەک ئەوەی تا ئێستا کردوویەتی.

ناوبراو جەختى لەسەر ئەوەشکردوەتەوە کە تورکیا پێشوازی لەو ڕێککەوتنە ئاگربەستە دەکات کە لەگەڵ دروزەکان لە سوریا کراوە.

هەروەها شەرع سەرۆک کۆماری سوریا سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ ئەردۆغان دەربڕی بۆ پاڵپشتی لە پاراستنی یەکێتی سیاسی و دەستەبەرکردنی یەکپارچەیی خاک و پاراستنی سەروەری لە سوریا.

ڕۆژی چوارشەممە، ئیسرائیل هێرشی توندی بۆ سەر دیمەشق دەستپێکرد و بارەگاکانی وەزارەتی بەرگری و ناوچەکانی نزیک کۆشکی سەرۆکایەتی لە پایتەختی سوریای کردە ئامانج، ئەمەش دوای پەرەسەندنی توندوتیژییەکان لە پارێزگای سویدای باشووری سوریا.

دوای هێرشێکی خوێناوی بۆ سەر هاووڵاتییانی سڤیل لە پارێزگای سوێدا، سەرۆکایەتیی رۆحیی موسڵمانە یەکتاپەرستەکان (دروزەکان) رۆژی پێنجشەممە 17-07-2025، ماتەمینیی گشتی لە پارێزگاکە راگەیاند و سوێدای وەک "ناوچەیەکی کارەساتبار" ناساند.
 
لە راگەیێندراوێکدا کە ئاراستەی "ئازادیخوازانی سوێدا" کراوە و واژۆی سەرۆکایەتیی رووحیی دروزەکانی لەسەرە، سەرکۆنەی هێرشەکە کراوە و بە "هێرشێکی ترسنۆکانە" ناوی دەبات کە لەلایەن "رێکخراوێکی تیرۆریستیی تاوانکارەوە کراوە، کە هیچ پەیوەندییەکی بە مرۆڤایەتییەوە نییە."
 
رووداوەکانی سوەیدا، رۆژی شەممە لە رفاندنی گەنجێکی دروزی لەلایەن گرووپێکی چەکدارەوە دەستیپێکرد، دواتر سەری کێشا بۆ جوڵاندنی هێز لەلایەن حکومەتی ناوەندەوە، ئەمەش رووبەرووبوونەوەی سوپا و چەکدارانی دروزی لێکەوتەوە.
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "بە دڵێکی شکاو و فرمێسکێکی وشکنەبوو، هەواڵی شەهیدبوونی کوڕان و براکانمان رادەگەیەنین کە بوونە قوربانیی کارەساتێکی خوێناوی."
 
بەپێی ئامارەکان زیاتر لە 350 کەس لە هەردوولا کوژراون، هێزەکانی حکومەت بە کۆمەڵکوژکردنی دروزەکان تۆمەتبار دەکرێن، هەروەها بەشێک لە گرووپە چەکدارەکان بەوە تۆمەتبار دەکرێن، کە سوکایەتییان بە پیرۆزییەکانی دروز کردووە.
 
سەرۆکایەتیی رۆحیی دروزەکان دوای پاککردنەوەی ناوچەکە لە چەکدارەکان، بە فەرمی رایگەیاند: "سوێدا شارێکی کارەساتبارە و برینەکانی قورسن، بۆیە ماتەمینیی گشتی رادەگەیەنین وەک وەفایەک بۆ گیانی پاکی شەهیدەکانمان."

لەلایەکى دیکەوە بەپێى ئامارەکانى ڕوانگەى سوریی بۆ مافەکانى مرۆڤ، لە بەیانی یەكشەممە 13ی تەموزەوە، 516 كەس لە سوریا كوژراون، بەهۆی شەڕو گولـلەبارانكردن و بۆردومانی ئیسرائیلەوە. كوژراوەكان بەمشێوەیە دابەشبوون:
 
_ 150 كوژراون لە خەڵكی پارێزگای سوەیدا، لەنێویاندا 71 كەسیان مەدەنی بوون، 4 منداڵ و 4 ژن لەناو كوژراوەكاندا هەن.

_ 261 كەس لە هێزەكانی سەربە وەزارەتی بەرگریی و ئاسایشی گشتیی كوژراون، لەنێویاندا 18 كەسی سەربە هۆزەكان هەن.

_ 15 كەس لە هێزەكانی هەردوو وەزارەتی بەرگریی و ناوخۆ بەهۆی بۆردومانەكانی ئیسرائیلەوە كوژراون. 

_ 3 كوژراوی تر هەن كە یەكێكیان ژنێكەو دوانەكەی تر ناسنامەیان نادیارە، كە ئەوانیش بەهۆی هێرشی ئیسرائیلەوە بۆسەر بارەگای وەزارەتی بەرگریی كوژراون. 

_ بەهۆی پێكدادانەكانی (سوەیدا)وە رۆژنامەنوسێك كوژراوە. 

_ 83 كەس كە لەنێویاندا 4 ژن و پیرە پیاوێك هەیە، بەشێوەیەكی راستەوخۆ لەلایەن هێزەكانی وەزارەتی بەرگریی و ناوخۆوە گولـلەباران كراون. 

_ 3 كەسی سەربە هۆزەكان كە لەنێویاندا ژنێك و منداڵێك هەیە لەلایەن چەكداری دروزەكانەوە گولـلەباران كراون.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار