وەزیری ناوخۆی هەرێم: زۆر ڕوونە درۆنەکان لە کوێوە ئاڕاستە دەکرێن

4 كاتژمێر لەمەوپێش



 

وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند: ئامانجی هێرشە درۆنییەکان ژێرخانی ئابووری هەرێمی کوردستانە و پێویستە کۆتایی بەم هێرشە تیرۆریستییانە بێت.

پێنجشەممە 17ـی تەممووزی 2025، رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان، لە بارەی هێرشە درۆنییەکان وەڵامی ڕۆژنامەنووسانی دایەوە و گوتی: زۆر ڕوونە کە درۆنەکان لە کوێوە ئاراستە دەکرێن، کە هەمیشە شادەماری ئابووری هەرێمی کوردستان دەکەنە ئامانج.

وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان، ئاماژەی بەوە کرد، هێرشە درۆنییەکان بە داخەوە کردەوەی تیرۆریستین، هەر لایەنێک لە پشت ئەو کارەوە بێت شەرمەزار دەبێت.

هاوکات داوا لە حکوومەتی فیدراڵ دەکات، سنوورێک بۆ ئەو هێرشە درۆنییانە دابنێت و ئەو لایەنانەشی لە پشت ئەو هێرشانەن، ئاشکرا بکرێن و بدرێنە دادگا.

لەبارەی ڕێگەگرتن لەو هێرشانە و چۆنیەتی پاراستنی شوێنەکان، رێبەر ئەحمەد، ڕایگەیاند: ئێمە بۆ ڕووبەڕووبوونەوە و وەستاندنی ئەو هێرشانە، هەماهەنگیی و کاری هاوبەش لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵ دەکەین، هەروەها داوامان لە هاوپەیمانانیش کردووە هاوکارمان بن لەو بارەیەوە.

لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا، هێرشی درۆنە بۆمبڕێژکراوەکان بۆ سەر شارەکانی هەرێمی کوردستان، بە تایبەت کێڵگە نەوتییەکان بەردەوام بوونە. هەرچەندە محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی پێک هێناوە، بەڵام تا ئێستا لە بەرانبەر ئاراستەکردنی درۆنەکان، نە کەس دەستگیرکراوە و نە کەسیش سزا دراوە. 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار