ئیسرائیل: ماوەیەکی دیاریکراو ڕێگەمانداوە هێزەکانى سوریا بچنە سوەیدا

5 كاتژمێر لەمەوپێش



سوپاى ئیسرائیل، ڕایدەگەیەنێت ڕێگەی بە چوونە ناوەوەی کاتی هێزە ئەمنییەکانی سوریا داوە بۆ ناو پارێزگای سوەیدا، بۆ ماوەیەکى کاتى، سەرەڕاى ڕێککەوتن و ئاگربەست بەڵام هێشتا دۆخى شارەکە ئاڵۆزەو شەڕو پێکدادانەکان بەردەوامن.

ئەم ڕێگە پێدانە کاتییە بۆ ئەوەیە لەماوەى 48 کاتژمێرى داهاتوودا هێزە ئەمنییەکانی ناوخۆی سووریا دۆخى ئاڵۆزو شەڕى پارێزگاکە هێوربکەنەوەو ئاگربەستی تەواوەتى لەنێوان دروز و هۆزەکاندا بچەسپێنن.

لە دوای ڕووخانی ڕژێمى ئەسەدەوە، شەپۆلی کوشندەى  توندوتیژی تائیفی لەزۆربەى  ناوچەکانى سوریا ڕوویانداوە، لە مانگی ئازاری ساڵی ڕابردوودا سەدان عەلەوی کوژران.

لە مانگی نیسانی ساڵی ڕابردووش لە شاری جەرامانا لە باشووری ڕۆژهەڵاتی دیمەشق شەڕ لەنێوان چەکدارانی سوننە و دروزە چەکدارەکان ڕوویدا و ناوچەکانی دراوسێشی گرتەوە.

لە دەوروبەرى شارى سوەیدا جارێکى دیکە شەڕو پێکدادانى چەکدارى لەنێوان چەکدارانى بەدو بە پاڵپشتیى هۆزەکان لەبەرامبەر گرووپە چەکدارەکانى دروزەکان دەستیپێکردەوە و نەتەوەیەکگرتووەکانیش داواى لێکۆڵینەوە دەکات.

دواى بەدواى ئەوەى ئەنجوومەنى هۆزەکانى سووریا ئامادەباشیی گشتیی بۆ پشتیوانیی چەکدارانى بەدو راگەیاند، هەزاران چەکدارى هۆزەکان دەستیان بە هێرش بۆ سەر شاری سوەیدا کرد.

بەگوێرەى سەرچاوە میدیاییەکان دەستیان بەسەر ژمارەیەک گوند و شارۆچکەدا گرتووە، دیارترینیان شارۆچکەی "مەزرەعەیە" و لە لای باکووری رێگای دیمەشقیشەوە لە سوەیدا نزیکبوونەتەوە. لە بەیانیى ئەمڕۆوە (18ی تەمموز) تاوەکو ئێستا لە چەندین بەرەى دەوروبەرى سوەیدا شەڕ و پێکدادانى توند بەردەوامە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار