کۆمەڵى دادگەرى کۆنگرەى دەبەستێت و پاشگری ئیسلامی دەگەڕێتەوە

6 كاتژمێر لەمەوپێش



 

کۆمەڵى دادگەرى کوردستان کۆنگرەى پێنجەمى خۆى لە شارى هەولێرى دەبەستێت، هەموو ئاماژەکانیش بۆ ئەوەیە عەلى باپیر سەرۆکى ئێستا حزبەکە دەبێتەوە بە سەرۆک.

ئەمڕۆ شەممە (2025/07/19)، کۆمەڵى دادگەرى لە شارى هەولێر و لە هۆڵى سەعد عەبدوڵا کۆنگرەى پێنجەمى دەبەستێت، کە کۆنگرەکە ئەمڕۆ و سبەی بە ئامادەبوونی لانیکەم 900 ئەندام بەردەوام دەبێت.

کۆمەڵ حزبێکی سەرەکیی ئۆپۆزسیۆنە لە هەرێمی کوردستان و رەنگی سەرەکیی ئاڵا و لۆگۆ حزبەکە پرتەقاڵییە.

کۆمەڵى دادگەرى وەک حزبێک، لە 31ـی ئایاری 2001 لە بزووتنەوەی ئیسلامی کوردستان جیابووەوە و وەک حزبێکی ئیسلامیی سەربەخۆ بە ناوی (کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان) دامەزرا.

تائێستا چوار کۆنگرەی بەستووە و لە سەرجەم کۆنگرەکان (عەلی باپیر) بە ئەمیری حزبەکە هەڵبژێردراوە.

خاوەنی سێ کورسیی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستانە و لە کۆتا هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقیش لە 2021 یەک کورسیی هەیە.

لە دوایین کۆنگرەیدا لە 18ـی شوباتی 2021 لە سلێمانی پاشگری ئیسلامی لە حزبەکەی کردووە و گۆڕدرا بۆ (کۆمەڵی دادگەریی کوردستان)، لە هەمان کۆنگرەشدا ناوی کەسی یەکەمی حزبەکە لە ئەمیرەوە کرا بە سەرۆک.

هەر لە کۆنگرەی چوارەمی حزبەکە ئاڵاکەیان، کە دروشمی (لآ اِلَهَ اِلّا اللّهُ مُحَمَّدٌ رَسُوُل اللّهِ)ـی لەسەر بوو، گۆڕدرا بۆ ئاڵایەک گوڵەگەنمی لەسەرە.

لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستاندا خاوەنی شەش کورسی بوو و بە دوو وەزارەت بەشداریی کابینەی هەشتەمی حکومەتی هەرێمی کوردستانی کرد.

کێ دەبێتەوە بە سەرۆک؟
هەموو ئاماژەکان بۆ ئەوەن، کە عەلى باپیر، سەرۆکى ئێستاى کۆمەڵى دادگەرى دەبێتەوە بە سەرۆکى حزبەکە، لەو بارەوە شوان رابەر ئەندامى سەرکردایەتى کۆمەڵ وتى، تا ئێستا تەنها عەلى باپیر تاکە کاندیدە بۆ سەرۆکى کۆمەڵى دادگەرى.

شوان رابەر گوتیشى: هیچ کەسێک خۆى بۆ پۆستەکە کاندید ناکاتەوە، بۆیە بە دڵنیایی عەلى باپیر وەک سەرۆکى حزبەکە وەک سەرۆک هەڵدەبژێرێتەوە.

عەلى بایپر کێیە؟
عەلی باپیر، نووسەر و بیرمەندێکی ئیسلامیی کوردستانە و پێش ساڵی 2001 ئەندامی سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان بوو.

ساڵی 2001 لە بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان جیابووەوە و کۆمەڵی ئیسلامی کوردستانی دامەزراند.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار