کەجەکە: مۆدیلى ڕۆژئاوا دروستترین مۆدێلی چارەسەریە بۆ تەواوى سوریا

6 كاتژمێر لەمەوپێش
هاوسەرۆکایەتی کۆنسەی بەڕێوەبەریی کەجەکە ١٣ـیەمین ساڵیادی شۆڕشێ ڕۆژئاوای پیرۆز کرد و ڕایگەیاند، شۆڕشی ڕۆژئاوا بۆ تەواوی سووریا درووستترین مۆدێلی چارەسەرییە.
دەقی ڕاگەیاندراوەکەی کەجەکە بەم شێوەیەیە:
“ماوەی ١٣ ساڵ بەسەر شۆڕشی ١٩ـی تەمووزی ڕۆژئاوادا تێپەڕدەبێت، کە پێشکەوتنێکی گرنگی مێژووییە. لە ئێستادا ١٣ـیەمین ساڵیادی شۆڕشی مێژوویی پیرۆز دەکرێت. ئێمەیش ساڵیادی شۆرشی ڕۆژئاوا لە هەموو گەلانی ڕۆژئاوا و باکووری سووریا، لە هەموو گەلانی کوردستان و سووریا، گەلانی عەرەب، ئەرمەنی، درووزی، تورکمان، سریانی، عەلەوی، گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوین و جیهان، ژن، گەنج و هەموو هێزە سۆسیالیست، شۆرشگێڕ، دیموکراتیک و ئازادییخوازەکان پیرۆز دەکەین.
هەروەها، لە هەموو هاوڕێیانی ئینتەرناسیۆنالیست پیرۆز دەکەین کە ڕۆڵێکی مەزنیان گێڕا لە پێشکەوتن و پاراستنی شۆڕشەکەدا. سڵاو لەم پێشکەوتنە مێژووییە دەکەین کە شۆڕشی هاوبەشی گەلانە، جارێکی دیکە بە ڕێز و خۆشەویستی و پێزانینەوە هەموو شەهیدانی شۆڕش یاد دەکەینەوە.
شۆڕشی ڕۆژئاوا بەهای نوێی خستەسەر میژووی مرۆڤایەتییمان، پێش هەمووشتێک کۆمەڵگەیەک کە لەلایەن سیستەمی دەوڵەت-نەتەوەوە دەچەوسێندرایەوە، بە بێپاراستن لە هێز خرابوو، سەرلەنوێ هەستی بە هێزی ئیرادەی خۆی کرد و ڕێگەی لە پێش دینامیکێتی بنەڕەتی کۆمەڵایەتی کردەوە، کە مافیان لێ وەرگیرابوو، سەرکووت کرابوون، ڕەنجیان خورابوو، وایکرد بە ڕێکخستنبوون و هۆشەمەندبوونییەوە ئیرادەی خۆبەڕێوەبەری بەدەست بهێنێت.
جیاوازی زمان، ئاین، مەزهەب و ئیتنیکی لە بوون بە هۆکاری ناکۆکی نێوان گەلان دوورخستەوە و ڕێگەی بۆ ئەوەکردەوە، کە وەک دەوڵەمەندییەکی کۆمەڵایەتی وەربگیرێت، وایکرد گەل، باوەڕیی و کولتوور لە چوارچێوەی تێگەیشتنی دیموکراتیکییدا سەرلەنوێ بە خوشک-برایەتییەوە بژین.
زەمینەی خۆشکرد بۆ ئەو ژنانەی کە بۆ دوورترین گۆشەی بەشداری ژیانی کۆمەڵایەتی دوورخرابوونەوە، بە هۆشمەندی و لە پاراستن و بونیاتنانی شۆڕشدا ئاستی پێشەنگایەتی بەدەست بهێنن، هەلومەرجی بۆ پێگەیاندنی نەوەیەکی گەنجی هۆشیار، ڕێکخستنکاری و ڕووناک ئافراندووە.
بەکورتی شۆڕشی ڕۆژئاوا بە تێگەیشتنی نەتەوەیی دیموکراتیک و ئازادییخوازی ژن بووە چارەسەرییەکی گرنگ. لە پراکتیکی ماوەی ١٣ ساڵی ڕابردوودا لە زۆر ڕووەوە خۆی سەلماندووە، لەلایەکەوە لە دژی هێرشەکان بۆ لەناوبردنی شۆڕش، هاوشانی گەل و هێزەکانی شۆڕش بەرخۆدانێکی مەزنی ئەنجامداوە و شۆڕشی پاراستووە، لەلایەکی ترەوە بەردەوامی بە پێشکەوتنی سیستەمی دیموکراتیک، ئازادییخواز و کۆمیناڵ داوە.
لەم ڕووەوە شۆڕشی ١٩ـی تەمووز قۆناغێکی مێژوویی گرنگی بە سەرکەوتوویی تێپەڕاندووە. شۆڕشەکان لە مێژوودا بەهۆی هێرشە ناوخۆیی و دەرەکییەکانەوە نەیانتوانیوە هێڵی بەرخۆدان و شۆڕشی پێکەوەیی پێشبخەن، بەڵام لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ئەمە سەرکەوتوو بووە.
١٩ـی تەمووز کە لە ڕۆژئاوا و باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا پراکتیزە دەبێت، لە هەمان کاتدا بۆ تەواوی سووریا درووسترین مۆدێلی چارەسەرییە. باروودۆخی ئاڵۆزییەکانی سووریا، زۆر بەڕوونی ئەم حەقیقەتە نیشان دەدات. چارەسەری کێشەکانی سووریا و پێکهێنانی یەکێتی تەنها بە تێگەیشتنی نەتەوەیی دیموکراتیک، ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتیک و ئازادییخوازیی ژن کە ڕەگەزی شۆڕشی ١٩ـی تەمووزن دێتەئاراوە.
سەپاندنە تاکڕەو، مەزهەبی و نەتەوەپەرستەکان جگە لەوەی پێکدادان و کۆمەڵکوژییەکان قووڵتر دەکاتەوە، بۆ یەکڕیزی سووریایش گەورەترین هەڕەشەیە.
جارێکی تر شۆڕشی مێژوویی ١٩ـی تەمووز لە هەموو گەلان پیرۆز دەکەین و ئێمە باوەڕمان وایە کە بە ڕێککەوتنی دیموکراتیک، ڕێکخستنبوون و ئەو تێکۆشانەی کە گەلان لەسەر هێڵی شۆڕشی ١٩ـی تەمووز پێشی دەخەن، ئاشتی ژیانی دیموکراتیک و ئەو ئازادییە بەدیدێت کە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست داوا دەکرێت.”
