سەرۆکایەتی سوریا: داوادەکەین دەستبەجێ ئاگربەست جێبەجێ بکرێت

5 كاتژمێر لەمەوپێش
سەرۆکایەتی کۆماری سوریا ڕۆژی شەممە لە بەیاننامەیەکدا ئاگربەستێکی دەستبەجێ و هەمەلایەنەی لە سویدا ڕاگەیاند، لە کاتێکدا هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ دەستیان کرد بە بڵاوەپێکردن لە سەرتاسەری شارەکەدا.
سەرۆکایەتی سوریا داوای لە هەموو لایەنەکان کرد پابەندی ئاگربەست بن و دەستبەجێ کۆتایی بە دوژمنایەتییەکان لە هەموو ناوچەکان بهێنن.
هەر لەو بەیاننامەیاندا سەرۆکایەتی سوریا دەڵێن هەر توندوتیژییەک لە سوەیدا بکرێت پێشێلکارییە بەرامبەر سەروەری سوریا، هێزەکانی ئاسایش لە چەند ناوچەیەکی سوەیدا بڵاوبوونەتەوە بۆ جێبەجێکردنی ئاگربەست.
نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا رایدەگەیێنێت، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل و سەرۆکی سووریا بە پشتیوانیی ئەمریکا لەسەر ئاگربەستێک رێککەوتوون و داواش لە درووز، بەدەوی و سوننەکانی سووریا دەکات چەک دابنێن و "ناسنامەیەکی نوێی سووری" بنیات بنێن.
رۆژی شەممە، 19-07-2025، تۆم باراک، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ سووریا، لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، رێککەوتنەکەی بە "پێشهاتێکی گەورە" ناوبرد.
لە پەیامەکەیدا هاتووە: "بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل و ئەحمەد شەرع، سەرۆکی [کاتیی] سووریا بە پشتیوانیی ئەمریکا و وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە مارکۆ رۆبیۆ، لەسەر ئاگربەستێک رێککەوتوون کە لەلایەن تورکیا، ئوردن و دراوسێکانیانەوە پێشوازیی لێکراوە."
نێردە تایبەتەکەی ئەمریکا لە بەشێکی دیکەی قسەکانی کە لە ئێکس کردوونی. دەڵێت: "داوا لە درووزەکان، بەدەوییەکان و سوننەکان دەکەین چەکەکانیان دابنێن و پێکەوە لەگەڵ کەمینەکانی دیکەدا، ناسنامەیەکی نوێ و یەکگرتوویی سووری لە ئاشتی و خۆشگوزەرانیدا لەگەڵ دراوسێکانیان بنیات بنێن."
