تەندروستی غەززە: لە دوو ڕۆژدا ٩٨ کەس بەهۆى هێرشى ئیسرئیلەوە کوژراون

13 كاتژمێر لەمەوپێش
وەزارەتی تەندروستی لە غەززە پشتڕاستی کردەوە کە لە ماوەی ٤٨ کاتژمێری ڕابردوودا ٩٨ فەلەستینی بە هۆی هێرش و تەقەی هێزەکانی ئیسرائیل کوژراون و ٥١١ کەسی دیکەش بریندار بوون.
بەمەش ژمارەی کوژراوانی دەستدرێژییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە لە 7ی تشرینی یەکەمی 2023ەوە گەیشتە 58 هەزار و 765 شەهید و 140 هەزار و 485 بریندار.
ئەمڕۆ ٦٥٢ ڕۆژە شەڕی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە، بەردەوامەو قەیرانی برسێتی لە غەززە توندتر بوو، لە کاتێکدا سوپا بەردەوامە لە کۆمەڵکوژی دژی برسی و ئاوارە.
سەرچاوەکان لە نەخۆشخانەکانى غه ززه ڕایانگەیاندووه تەنها لە بەرەبانى ئەمڕۆوه 70 فەلەستینی بەهۆی تەقەکانی سوپای ئیسرائیلەوە گیانیان له ده ستداوه ، له نێویاندا 36 کەسیان لەڕیزدا وەستابوون بۆ داوای هاوکارى.
لە ڕووی سیاسییەوە، یەدیوت ئەهرۆنۆت لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاندووە کە ئیسرائیل بیر لە ناردنی شاندێکی باڵا بۆ دەوحە دەکاتەوە بۆ خێراترکردنی دانوستانەکانی ناڕاستەوخۆ لەگەڵ حەماس سەبارەت بەو ڕێککەوتنە، ئەگەر بزووتنەوەکە ڕازی بێت لەسەر تاوتوێکردنی "کلیلەکانی" گۆڕینەوەی زیندانییە فەلەستینییەکان بۆ دەستگیرکراوەکانی ئیسرائیل.
نزیکەی دوو ملیۆن کەس لە غەززە دەژین، کە لە بارودۆخێکی مرۆیی سەختدان، بەهۆی ئەو گەمارۆیەی هێزەکانی ئیسرائیل لەکاتی دەستپێکردنی شەڕەکەوە خستوویەتییە سەریان بەتایبەت لەرووی کەمیی خۆراکەوە.
ڕۆژی سێشەممە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند کە لە کۆتایی مانگی ئایارەوە ٨٧٥ حاڵەتی مردنی لەنێو کرێکارانی فریاگوزاریدا تۆمارکردووە، کە ٦٧٤ حاڵەتیان "نزیک ناوەندەکانی دامەزراوە مرۆییەکانی غەززە" بووە.
