سۆران عومەر: ١٢ ساڵە نیوەی موچەکەم داوەتەوە بەکۆمەڵ

6 كاتژمێر لەمەوپێش
لەسەر هۆکارى بەشداری نەکردنى لە کۆنگرەی کۆمەڵی دادگەریی، سۆران عومەر ڕایدەگەیەنێت بابەتی پەیوەست بە سیاسەت و ئیدارەدانی کۆمەڵەوە هەبووە لەسەر ئۆپۆزسیۆنبوون، کێشەی من کەسی نیە.
پەرلەمانتارەکەى کۆمەڵ ئەوەش دەخاتەڕوو بەداخەوە ئاستی جەماوەریی کۆمەڵ پاشەکشەی کردووە،، رەخنەو نیگەرانیەکانیشم بەخودی مامۆستا عەلی باپیرو ئەنجومەنی باڵا وتووە، دڵنیابن هیچ کات ئامادە نیم باسی کێشە ناوخۆییەکانمان لە ڕاگەیاندن بکەم.
هەروەها سۆران عومەر باس لەوەدەکات، سەرۆکی کۆمەڵ و ئەندامانی ئەنجومەنی باڵا باش دەزانن لەڕووی مادیەوە چەند ئیغراو ئیمتیازی مادیم لەژێرپێ ناوە، ماوەی ١٢ ساڵیشە بەبێ دابڕان نیوەی موچەکەم داوەتەوە بەکۆمەڵ (جگە لەوەی ٥ مانگ موچەو موڵک و ماڵی گوازراوەو نەگوازراوەم دەستی بەسەردا گیراوە) تەنانەت ئەو شوقەی کە لە بەغدا تێیدا ئەژیم هی کۆمەڵەو مانگی ٣ ملیۆن دینار کرێی شوقەکەیان پێدەدەم.
دەقى ڕونکردنەوەکەى..
نەمدەویست ئەمەش بڵێم؛
بەشداری نەکردنم لە کۆنگرەی کۆمەڵی دادگەریی هۆکاری بابەتی پەیوەست بە سیاسەت و ئیدارەدانی کۆمەڵەوە هەبووە لەسەر ئۆپۆزسیۆنبوون، کێشەی من کەسی نیە، بەڵکو کێشەم ئەوەیە کەم لایەن هێندەی کۆمەڵ خەڵکی خاوەن باوەڕو بۆ خواسوڵحاو و گیان لەسەر دەستی هەیە بەبێ بەرامبەر ئامادەی گیان بەخشینن بەڵام بەداخەوە ئاستی جەماوەریی کۆمەڵ پاشەکشەی کردووە، رەخنەو نیگەرانیەکانیشم بەخودی مامۆستا عەلی باپیرو ئەنجومەنی باڵا وتووە، دڵنیابن هیچ کات ئامادە نیم باسی کێشە ناوخۆییەکانمان لە ڕاگەیاندن بکەم.
لەلایەکی دیکەوە سەرۆکی کۆمەڵ و ئەندامانی ئەنجومەنی باڵا باش دەزانن لەڕووی مادیەوە چەند ئیغراو ئیمتیازی مادیم لەژێرپێ ناوە، ماوەی ١٢ ساڵیشە بەبێ دابڕان نیوەی موچەکەم داوەتەوە بەکۆمەڵ (جگە لەوەی ٥ مانگ موچەو موڵک و ماڵی گوازراوەو نەگوازراوەم دەستی بەسەردا گیراوە) تەنانەت ئەو شوقەی کە لە بەغدا تێیدا ئەژیم هی کۆمەڵەو مانگی ٣ ملیۆن دینار کرێی شوقەکەیان پێدەدەم.
بەتەحەداوە ئەیڵێم هەمیشە من پارەم داوە بە کۆمەڵ بەپارەی پاداشتی کۆتایی خزمەتی خانەنشینیشەوە.
ئەسڵەن من کێشەی ئەوەم هەبووە کە نابێ بۆ ئیدارەدانی کۆمەڵ پارە لەهیچ لایەک وەربگرن تاکو ئۆپۆزسیۆنێکی دەنگ دلێربن.
بەشوێن پلەو پۆستەوە نەبووم بۆیە هیچ کۆنگرەیەکی کۆمەڵ خۆم کاندید نەکردووە، لەم کۆنگرەش مامۆستا عەلی باپیر داوایکرد بەشداری بکەم و خۆم کاندید بکەم بۆ سەرکردایەتی ڕەدم کردەوە، ئەنجومەنی باڵای کۆمەڵ داوایکرد بۆ ئەنجومەنی نوێنەران خۆم کاندید بکەمەوە ئەویشم ڕەدکردەوە.
شانازیش دەکەم کە ١٢ ساڵە بۆ سێ خول دەچێت پەرلەمانتاربووم و نوێنەرایەتی دەنگدەرانم و کۆمەڵم کردووە بەبێ سڵەمینەوە لە فەرمانی گرتن و هەڵگرتنی پارێزبەندی و قەدەغەی سەفەر.
خوا پشتیوان بێت لەئێستەو ئایندە هیچ کات پێچەوانەی ڕابردوی خۆم ناکەم و دین و کەرامەتی خۆم نادەم بە سەروەتی هەموو دونیا، هەمیشە لەگەڵ ستەملێکراوم ئەگەر ستەمکار باوکیشم بێت.
هیوادارم کۆمەڵ بگەیەننەوە ئاستی ئەو هیوایەی خەڵکی کۆمەڵ و دەنگدەرەکانی بەو حزبەی هەیە.
