سووریا: شەڕ وەستاوەو چەکدارانی هۆزەکان لە سوەیدا نەماون

2 هەفتە لەمەوپێش



حکومەتی سووریا ئەمڕۆ یەکشەممە، جەختیکردەوە شەڕ لە شاری سوەیدا راگیراوە، ئەوەش دوای ئەوەی گرووپە دروزەکان کۆنترۆڵکردنەوەی شارەکەیان راگەیاند و هێزەکانی حکومەتی سووریاش دووبارە جێگیرکرانەوە.

نورەدین بابا، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی سووریا لە تێلیگرامەوە رایگەیاند، "سەرجەم چەکدارانی هۆزەکان لە شاری سوەیدا چوونەتە دەرەوە و پێکدادانى ناو گەڕەکەکان راگیراوە".

گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی سووریا، دووپاتی کردەوە، "دەوڵەت بە هەموو دامودەزگا سیاسی و ئەمنییەکانییەوە، بەردەوامە لە هەوڵەکانی بۆ گەڕاندنەوەی ئاسایش و سەقامگیری لە سوەیدا، هێزە ئەمنییەکانیش هەموو تواناى خۆیان بۆ کۆتاییهێنان بە هێرش و شەڕ و گێڕانەوەی سەقامگیری بۆ پارێزگاکە دەخەنەگەڕ".

توندوتیژییەکانی نێوان دروز و بەدەوییە سوننەکان لە 13ـی تەمموزدا لە پارێزگای سوەیدا لە باشووری سووریا سەریهەڵدا، بەگوێرەی روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ بەهۆیەوە 940 کەس کوژراون.

ئەحمەد شەرع، سەرۆکی راگوزەرى سووریا دوێنێ شەممە، ئاگربەستی راگەیاند و پابەندبوونى بە "پاراستنی کەمینەکان" و لێپرسینەوە لە "پێشێلکاران" لە هەر لایەنێکبن دووپاتکردەوە.

ئەوەش دوای چەند کاتژمێرێک هات کە واشنتن رایگەیاند، سووریا و ئیسرائیل لەسەر ئاگربەست رێککەوتوون.

شەرع، رۆژی سێشەممەى رابردوو هێزەکانی خۆی لە سوەیدا بڵاوەپێکرد، بەڵام پاش بۆردوومانی چەند ئامانجێکی حکومەت لە دیمەشق لەلایەن ئیسرائیلەوە، هێزەکانی دەسەڵاتی راگوزەری سووریا لە سوەیدا کشانەوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار