خانەنشینانی نوێ لەگەڵ مووچەى مانگى ئایاردا 5 مووچە وەردەگرن

22 كاتژمێر لەمەوپێش
بەپێى سەرچاوەیەک لە بەڕێوەبەرایەتیى گشتیى خانەنشینانى هەرێمى کوردستان بەشێکى زۆرى دۆسیەى خانەنشینانى نوێى شارستانى تەواو بووە و لەگەڵ دابەشکردنى مووچەى مانگى ئایار، پێنج مووچە پێکەوە وەردەگرن.
ئەو سەرچاوەیە ئەمڕۆ یەکشەممە رایگەیاند، دۆسیەى خانەنشینانى نوێى سەربازی بەهەمان میکانیزم مامەڵەى لەگەڵ دەکرێت ئەوانەى دۆسیەکانیان تەواو بووە و پێشتر هیچ مووچەیەکى خانەنشینیان وەرنەگرتووە، ئەوانیش پێنج مووچە پێکەوە وەردەگرن.
لەبارەى ئەو مینحە 100 هەزارییەى کە لە عێراق بە خانەنشینان دەدرێت و لە هەرێمى کوردستان راگیراوە، سەرچاوەکە گوتى "وەزارەتى دارایى پێشتر نووسراو ئاڕاستەى ئەنجومەنى وەزیرانى عێراق کردبوو بۆ ئەوەى بڕە پارەکە خەرجبکرێتەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا وەڵامى نووسراوەکە نەدراوەتەوە".
100 هەزار دینارى مینحەى باشترکردنى بژێوى، ئەو خانەنشینانە دەگرێتەوە کە مووچەکەیان لە یەک ملیۆن دینار کەمترە.
بەگوێرەى دوایین لێکتێگەیشتن، هەولێر مانگانە 120 ملیار دینار داهاتى نانەوتی و رۆژانەش 230 هەزار بەرمیل نەوت رادەستى سۆمۆ دەکات و لەبەرامبەردا بەغداد تەمویلى مووچەى مووچەخۆران دەکات، بڕیارە لەم هەفتەیەدا مووچەى مانگى ئایار خەرجبکرێت.
