ئێران: ئەو ڕادارانەمان گۆڕیوە کە ئیسرائیل زیانى پێگەیاند

2 هەفتە لەمەوپێش



ئاژانسی هەواڵی دیفاع پرێسی ئێرانى لەسەر زارى عەبدولڕەحیم موسەوی، سوپاسالاری ئێرانەوە ڕایگەیاند: ئێران شوێن و جۆرى ڕادارو بەرگری ئاسمانییەکانی گۆڕیوە، کە لە کاتی شەڕی ئیسرائیل زیانیان پێگەیشتووە لەمانگی ڕابردوودا.

لە کاتی شەڕ و پێکدادانەکانی مانگی حوزەیرانی ئەمساڵدا، هێزی ئاسمانی ئیسرائیل زاڵ بوو بەسەر ئاسمانی ئێراندا و گورزێکی قورس و کوشندەى لە بەرگرییە ئاسمانییەکانی ئێراندا،  لە کاتێکدا هێزە چەکدارەکانی ئێران هێرشی یەک لە دوای یەک بە مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ سەر خاکی ئیسرائیل هەڵدا.

موسەوی ئەوەشى وت: بەشێک لە بەرگرییە ئاسمانییەکانمان زیانیان بەرکەوتوە، ئەمە شتێک نییە کە بتوانین بیشارینەوە، بەڵام هاوکارەکانمان بە سوود وەرگرتن لە سەرچاوە ناوخۆییەکان و گۆڕینیان بە سیستەمی پێشوەختە ڕێکخراو کە لە شوێنی گونجاودا هەڵگیرابوون بە مەبەستی پاراستنی ئاسمانی وڵات.

پێش جەنگ ئێران جگە لە سیستەمی S-300ی دروستکراوی ڕووسیا، سیستەمی بەرگری ئاسمانی دوور مەودای باڤار-373ی دروستکراوی ناوخۆیی خۆی هەبوو. لە ڕاپۆرتەکەی دیفاع پرێسدا ئاماژە بە هیچ هاوردەکردنی سیستەمی بەرگری ئاسمانی دروستکراوی دەرەوە بۆ ئێران لە چەند هەفتەی ڕابردوودا نەکراوە.

دوابەدوای هێرشە سنووردارەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کارگەکانی مووشەکی ئێران لە مانگی ئۆکتۆبەری ساڵی ڕابردوودا، ئێران دواتر لە مانۆڕێکی سەربازیدا بەرگری ئاسمانی دروستکراوی ڕووسیای نمایشکرد بۆ ئەوەی نیشانی بدات کە لە هێرشەکە چاک بووەتەوە.

لە کۆتایی مانگی حوزەیرانی ئەمساڵ، ئیسرائیل کاتز، وەزیری بەرگری ئیسرائیل، ڕێنمایی سوپای ئیسرائیلی کرد کە پلانی جێبەجێکردن لە دژی ئێران ئامادە بکەن، کە بریتییە لە پاراستنی باڵادەستی ئاسمانی، ڕێگریکردن لە پەرەپێدانی مووشەک و ڕێگریکردن لە چالاکییە ناوچەییەکانی ئێران.

بەپێی زانیارییەکانی کاتز، پلانەکە ئامانجی دڵنیابوونە لەوەی ئیسرائیل دەتوانێت بە شێوەیەکی جووڵەیی وەڵامی هەڕەشەکانی داهاتوو بداتەوە.

سەرچاوەیەکی ئەمنی کە قسەی لەگەڵ N12 کرد، هەروەها وتی ئۆپراسیۆنەکانی مۆساد لە ناوخۆی ئێراندا ڕۆڵێکی ناوەندییان لە داڕشتنی ناوچەی شەڕ و جێگیرکردنی تەقەمەنی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی هێرشبەر و دامەزراندنی شوێنی هەڵدانی شاراوە لە دڵی ئێران بۆ سەرکوتکردنی بەرگرییە ئاسمانییەکان گێڕاوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار