تەیف سامی قسەى کۆتایی لەبارەى ناردنى موچەوە کرد

21 كاتژمێر لەمەوپێش
بەوتەى پەرلەمانتارێکى عێراق، وەزیرى دارایی عێراق جەختى لەسەر ئەوەکردەوە تا داهاتی نانەوتیی و نەوت ڕادەست نەکرێت، دەستناکەن بە خەرجكردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم.
نەرمین مەعروف ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لەبارەی كۆبونەوەی ئەمڕۆی لیژنەی دارایی لەگەڵ تەیف سامی وەزیری دارایی فیدراڵ، ڕایگەیاند تەیف سامی رایگەیاند خۆشحاڵە بە رێككەوتنی نێوان حكومەتی فیدراڵ و حكومەتی هەرێم، هەركاتێك بەپێی رێككەوتنەكە هەرێم نەوتی رادەستی (سۆمۆ) كردو داهاتی نانەوتیی بۆ مانگی پێنج رادەستكرد كە 120 ملیار دینارە، دەستدەكەن بە خەرجكردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم.
ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق گوتی، وەزیری دارایی عێراق دووپاتی کردووەتەوە کە بەبێ جێبەجێکردنی ئەو داواکارییانە پارەی مووچە نانێرێت.
ئەمەش لەکاتێکدایە، ئەمرۆ یەکشەممە مەسرور بارزانى سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند بەغدا مەرجێکى دیکەی بۆ لێکتێگەیشتنی نێوان هەولێر و بەغدا زیادکردووە؛ دەڵێت، بەغدا پێیان وتووین، تاوەکو 230 هەزار بەرمیل نەوت رادەست نەکەن، مووچە نانێرین.
لە دوایین رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا بۆ پرسی مووچە و نەوت کە 17ـی تەممووز لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق پەسند کرا، بڕیارە مانگانە 120 ملیار دینار داهاتی نانەوتی و رۆژانە 230 هەزار بەرمیل نەوت رادەستی بەغدا بکرێت و وەزارەتی دارایی فیدراڵیش دەست بە خەرجکردنی مووچە بکات.
مەسرور بارزانی گوتی، "تێگەیشتنی ئێمە بۆ رادەستکردنی داهاتی نێوخۆ بەپێی دەستوورە کە دەڵێت، 50%ی داهاتی فیدراڵی رادەستی حکومەتی فیدراڵی بکرێت. حکومەتی هەرێمی کوردستان هەموو کات لەوبارەوە پابەند بووە و ئەرکی خۆی جێبەجێ کردووە، جگە لەو کاتانەی کە بەغدا مووچەی نەناردووە یان بە کەمی ناردوویەتی، کە ئەو کات ئێمە ناچار بووین داهاتە ناوخۆییەکان بۆ کورتهێنانی مووچە بەکاربهێنین."
