ئێران هێرشە درۆنییەکەى پێنجوێنى ئەنجامداوە

18 كاتژمێر لەمەوپێش




فەرماندەیی یەرەکە سەبارەت بە هێرشەکەی ١٩ی تەمموزی ٢٠٢٥ لە ناوچەی پێنجوێن ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند کە هێرشەکە لەلایەن دەوڵەتی ئێرانەوە لە دژی هێزەکانیان ئەنجامدراوە و لە ئەنجامدا هەڤاڵێکمان بە ناوی سمکۆ کۆبانێ شەهید بووە.

ڕاگەیەندراوەکەی فەرمانداری یەکینەکانی هێزەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (یەرەکە) بەمشێوەیە:

"وەک گەلەکەمان و رای گشتی دەزانێت، لە ١٩ی تەمموزی ٢٠٢٥ لە گوندی شیوەگوێزان لە ناوچەی پێنجوێن هێرشێکی ئاسمانی ئەنجامدرا. ئەم هێرشە هێزەکانی ئێمەی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی کردە ئامانج. سەرەتادا لەسەر ڕووداوەکە لەلایەن ڕای گشتیەوە هەواڵی زۆر بڵاوبووەو و هەمووان بەشێوازی خۆیان باسی ڕووداوەکەیان کرد. ئێمە وەک یەکینەکانی پاراستنی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەدواداچوونمان بۆ ڕووداوەکە کرد و لە ئەنجامدا ئەو دۆخە سەرڕاست دەکەینەوە و ڕایدەگەیەنین کە ئەم هێرشە لەلایەن دەوڵەتی ئێرانەوە بۆ سەر هێزەکانمان ئەنجامدراوە.

زۆرجار کاتێک دەوڵەتی ئێران دەکەوێتە بەربەستەوە، پەنا بۆ رێبازی هێرش دەبات. هێرشەکان بۆ سەر گەلەکەمان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و لە هەمان کاتدا فشارەکان بۆ سەر ژنان و لە سێدارەدانی ڕۆژانەی گەلەکەمان پەیوەندییان بە بارودۆخی ئاڵۆزی ئەم سیستەمە بێچارەوە هەیە.

ڕۆژی ١٩ی تەمموزی ٢٠٢٥ کاتژمێر ٨:٤٥ خولەکی بەیانی لە ناوچەی پێنجوێن هێزەکانمان دەبنمە ئامانجی فڕۆکەی کامیکازی خۆکوژی سەر بە دەوڵەتی ئێران و لە ئەنجامدا یەکێک لە هەڤاڵانمان بە ناوی سمکۆ کۆبانێ ڕۆڵەی بە ئەمەگی گەلەکەمان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کە تێکەڵ بە بەها وڵاتپارێزییەکانی ناوچەی هەورامان گەورە بووە و قەت لە ڕاستی خۆی دوور نەکەوتووتەوە و هەمیشە بوێرانە لە بەرامبەر ئەم ڕژێمە داگیرکەر و کۆنەپەرستە سەری دانەنواندووە، تا دوا دڵۆپی خوێنی بێ دوودڵی تێکۆشانی کرد و بۆ ژیانێکی ئازاد ٢٤ کاتژمێر کار دەکرد، بەم هێرشە ترسنۆکانەیە گەیشتە ئاستی شەهیدبوون. لە داهاتوویەکی نزیکدا ناسنامەی هەڤاڵمان بە ڕێگەی راگەیاندراوێکی بەرفراوان بۆ ڕای گشتی بڵاو دەکەینەوە.

دەوڵەتی  ئێران لە کاتی بێچارەییەی خۆیدا بەتایبەت دوای هێرشەکانی ئیسرائیل کە ١٢ ڕۆژ بەردەوام بوو، لەجێی ئەوەی زیاتر ڕێوشوێنی دیموکراسی بگرێتەبەر و زیاتر خۆی لەگەڵ خەڵکدا ئاوێتە بکات، هێرشەکان بۆ سەر خەڵک تا دێت زیاتر دەکات، ڕۆژانە بارودۆخی پێشبینینەکراو دەخاتە ئاراوە و بەر بە ڕێگەکانی چارەسەری دەگرێت، بەمەش قەیران و ئاڵۆزییەکان زیاتر دەکات. 

وەک هێزەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەبەرامبەر ئەو جۆرە هێرشانە بێ بەرگری نامێنینەوە و تا کۆتایی لە چوارچێوەی مافی ڕەوای خۆماندا بەرگری لە خۆمان دەکەین. بەهیچ جۆرێک هێرش ناکەینە سەر هیچ کەسێک بەڵام لەبەرامبەر هەر جۆرە هێرشێک لەسەر خەڵک و هێزەکانمان، بەردەوام خۆمان دەپارێزین و بێ دەنگ نابین. 

لە کۆتاییدا وەکو یەکینەکانی پاراستنی ڕۆژهەڵاتی کوردستان سەرەتا سەرەخۆشی خۆمان ئاڕاستەی بنەماڵەی هێژای هاوڕێمان و تەواوی گەلی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکەون و جارێکی تر بەڵێنی تۆڵەکردنەوە بە گەلەکەمان دەدەین و خوێنی هاوڕێمان بەهیچ شێوەیەک بەفیڕۆ نادەین. 

فەرماندەیی یەرەکە 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار