بەهۆی کەمیی ئاو و کارەبا لە تاران حکومەتی ئێران پشوو رادەگەیەنێت

20 كاتژمێر لەمەوپێش



بەهۆی بەردەوامیی کەمیی ئاو و کارەبا و شەپۆلی گەرما، حکومەتی ئێران بڕیاریدا رۆژی چوارشەممە، لە تەواوی پارێزگای تاران بکرێتە پشووی فەرمی.

فاتمە موهاجرانی گوتەبێژی حکومەتی ئێران لە تۆڕی ئێکس رایگەیاند، ئەم بڕیارە بەهۆی بەرزیی پلەکانی گەرما و پێویستیی کەمکردنەوەی بەکارهێنانی ئاو و کارەبا دراوە.

ئەمە لەکاتێکدایە کە ئاوی بەنداوەکانی تاران گەیشتووەتە نزمترین ئاستی خۆی لە ماوەی سەدەی رابردوودا.

ئاژانسی ئیسنا راپۆرتێکی بڵاوکردەوە کە قەبارەی ئاوی کۆکراوە لە بەنداوەکان تەنها گەیشتووەتە 14% و شارەزایانی ژینگەش هۆشدارییدەدەن کە کەمبوونەوەی سەرچاوە ئاوییەکان دەتوانێت ببێتە هۆی کارەساتێکی نیشتمانی.

بەڕێوەبەری کۆمپانیای ئاو و ئاوەڕۆی تارانیش پێشتر رایگەیاندبوو، پارێزگاکە رووبەڕووی وشکەساڵییەک بووەتەوە کە لە 57 ساڵی رابردوودا وێنەی نەبووە، ئەم دۆخەش نیگەرانییەکی زۆری لەسەر ئاستی ئێران دروستکردووە.

پێشتر ئاژانسی ڕۆیتەرز لە ڕاپۆرتێکیشدا نووسیبووی: ئەو مەترسییە گەورەیەی کە ئێران لە ئێستادا ڕووبەڕووی بووەتەوە، کەمبوونەوەی سەرچاوە ئاوییەکانی ئەو وڵاتەیە، کە بووەتە هۆی کەمبوونەوەى ئاو لە هەندێک شاردا.

گاری لویس، نوێنەری نیشتەجێی پرۆگرامی گەشەپێدانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ئێران بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە: "کەمی ئاو ئێستا بووەتە بەرچاوترین تەحەدای ئاسایشی مرۆیی لە ئێران".

ئامارەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە گۆڕانی کەشوهەوا لە کەرتی ئاودا بووەتە هۆی کەمبوونەوەی ڕێژەی بارانبارینی ئەو وڵاتە بە ڕێژەی لەسەدا ١٠ و پلەی گەرما لە ئێران بە بەراورد بە دوو دەیەی ڕابردوو بە ڕێژەی ١.٥ پلە بەرزببێتەوە.

ئەم دوو مەسەلەیە بە هۆکاری سەرەکی زیادبوونی بەهەڵمبوونی سەرچاوەکانی ئاو و کەمبوونەوەی ئاوی ڕژاو لە ئێران ڕاگەیەندراوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار