وەزارەتی دارایی هەرێم: 120 ملیار دینارمان نارد بۆ بەغدا
.jpg)
11 كاتژمێر لەمەوپێش
وەزارەتی دارایی حکومەتى هەرێمی کوردستان، ڕایدەگەیەنێت ئەمڕۆ بەشی گەنجینەی فیدراڵی لەداهاتی نانەوتی هەرێم 120 ملیار دینار خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی فیدراڵ.
بەپێى ڕاگەیەندراوەکە پارەکە بەشێوەی کاش خراوەتە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ لەلقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق، ئەو بڕە پارەیە داهاتی نانەوتییە بۆ مانگی ئایار.
دوایین جار کە هەرێمی کوردستان داهاتی نانەوتی بۆ بەغدا ناردووە، لە مانگی نیسان بوو و بڕەکەی 50 ملیار دینار بوو.
ناردنى ئەم پارەیە لەکاتێکدایە شەوی رابردوو، فوئاد حوسێن وەزیرى دەرەوەى عێراق ڕایگەیاند بە چڕی لەسەر هێڵ بووە و لانی کەم 15 پەیوەندیی تەلەفۆنیی لەگەڵ شەش سەرکردە و بەرپرسی هەرێمی کوردستان و عێراق ئەنجام داوە.
وتیشى: رێککەوتن کراوە بۆ ئەوەی ئەمڕۆ بەغدا مووچەی مانگی ئایاری مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان خەرج بکات.
دەقى ڕاگەیەندراوەکە..
بەشی گەنجینەی فیدراڵی لەداهاتی نانەوتی هەرێم خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی فیدراڵ.
ڕۆژی سێ شەممە ( ٢٢ ی تەمووزی ٢٠٢٥ ) بەشی گەنجینەی فیدراڵی لە داهاتی نانەوتی هەرێمی کوردستان بۆ مانگی ئایاری ساڵی ( ٢٠٢٥ ) کە بڕەکەی (١٢٠،٠٠٠،٠٠٠،٠٠٠ ) سەدو بیست ملیار دینارە، بەشێوەی کاش خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ لەلقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق.
ڕاگەیاندنی وەزارەتی دارایی و ئابووری.
٢٢ ی تەمووزی ٢٠٢٥.
