عەباس عەراقچی: دەستبەرداری پیتاندنى یۆرانیۆم نابین شانازیی نەتەوەییە

دوێنێ
عەباس عەراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، تاران دەستبەرداری بەرنامەی پیتاندنی یۆرانیۆم نابێت، هەرچەندە لە ماوەی شەڕی ئێران و ئیسرائیلدا زیانی زۆری بەرکەوتووە، کە واشنتۆن دامەزراوە ئەتۆمییەکانی بۆردومان کرد.
ناوبراو ئاماژەی بەوەشکردووە، "بەرنامەکە وەستاوە، چونکە زیانەکانی زۆر قورس و توندن. بەڵام ڕوونە کە ئێمە دەستبەرداری پیتاندن نابین، چونکە دەستکەوتێکی زاناکانمانە. ئێستاش لەوەش گرنگتر، بابەتی شانازی نیشتمانییە".
عێراقچی ئاماژەی بەوەشکرد، زیانەکانی دامەزراوە ئەتۆمییەکان دوای هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بەرفراوانن و بە شێوەیەکی بەرفراوان هەڵسەنگاندنیان بۆ دەکرێت. ڕوونیشی کردەوە، "دامەزراوەکانمان زیانێکی زۆریان بەرکەوتووە، ڕێکخراوی وزەی ئەتۆمییش هەڵسەنگاندن بۆ ڕادەی زیانەکان دەکات. بەڵام ئەوەندەی من بزانم زیانێکی زۆریان بەرکەوتووە".
سەرەڕای ئەوەی پرسی زیانەکانی سەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران، هێشتا لە هەڵسەنگاندنی دەزگای هەواڵگریی ئەمەریکادایە، ئەمەریکا دەڵێت وێستگە ئەتۆمییە سەرەکییەکانی لەناوبردوو دۆناڵد ترەمپ هەڕەشەی ئەنجامدانەوەی هێرش بۆ سەر بەرنامەی ئەتۆمییەکەی ئێران دەکات.
ئەمڕۆ سێشەممە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا رایگەیاند: ئەگەر پێویست بکات هێرش دەکەینەوە سەر بەرنامە ئەتۆمییەکانی ئێران، ئەوەش وەک کاردانەوەیەک بەرامبەر لێدوانێکی عەباس عەراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران کە رایگەیاندبوو، کە وڵاتەکەی دەستبەرداری پیتاندنی یۆرانیۆم و بەرنامە ئەتۆمییەکەی نابێت.
سەبارەت بە پرسی دەستپێکردنەوەی دانوستانەکانیان لەگەڵ ئەمەریکا، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند: ئێران کراوەیە بەرامبەر دانوستانەکانی بەرنامەی ئەتۆمی، بەڵام نایەوێت بەشێوەیەکی راستەوخۆ ئەو دانوستانانە ئەنجام بدرێت.
ئەوە لەکاتێکدایە دوێنێ دووشەممە، وەزارەتی دەرەوەی ئێران بڵاوی کردەوە: رۆژی هەینی دانوستان لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکانیانی لەگەڵ سێ وڵاتی ئەوروپی لە ئیستانبوڵ ئەنجام دەدات.
