نوێنەری ئەمریکا: ئیسرائیل سوریای دابەشکراوی پێ باشترە

16 كاتژمێر لەمەوپێش
تۆم باراک، نێردەی تایبەتی ئەمریکا لە سوریا رایگەیاند: هیچ پلانێكی جێگرەوەی نییە بۆ یەکخستنی سوریا، کە تائێستا بەدەست شەڕی ناوخۆو توندوتیژی تائیفیەوە دەناڵێنێت، جەختیشیکردەوە، لە پشتیوانی واشنتۆن بۆ حکومەتی نوێی سوریا.
باراک، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لە بەیروتی پایتەختی لوبنان، رەخنەی لە دەستێوەردانی ئەم دواییەی ئیسرائیل لە سوریا گرت و وتی لەكاتێكی خراپدا بووەو هەوڵەکانی بۆ گەیشتن بە سەقامگیری لە ناوچەکە ئاڵۆزتر كردووە.
ئاماژەی بەوەشکرد: ئیسرائیل دەیەوێت سوریایەكی دابەشبوو ببینێت، هاوكات کوشتن و تۆڵەسەندنەوەو کۆمەڵکوژییەکانی هەردوولای ئیدانە کرد (حكومەتی سوریاو دروزەكان).
جەختی لەوەشکردەوە: حکومەتی ئێستای سوریا بەوپەڕی توانای خۆیەوە وەک حکومەتێکی تازەپێگەیشتوو بە سەرچاوەیەکی زۆر سنووردارەوە هەوڵیداوە بۆ چارەسەرکردنی ئەو پرسە هەمەلایەنانەی سەرهەڵدەدەن، لە هەوڵێکدا بۆ کۆکردنەوەی کۆمەڵگەیەکی هەمەچەشن.
لەلایەکی دیکەوە، سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای هۆز و خێڵەکانی سوریا، شێخ مودار حەمەد ئەلئەسعەد ڕایگەیاند، دەرکردنی خێزان و عەشیرەت و خێڵە عەرەبەکانی دوێنێ لە سویدا "ئاوارەبوون نییە، بەڵکو کۆچکردنێکی کاتی بووە". ئاماژەی بەوەشکرد، دوای ئەوەی ماڵە وێرانبووەکانی ئەو خێزانانە نۆژەن دەکرێنەوە، بە کەرامەت و ڕێزەوە، بە ئامادەبوونی سوپا و ئاسایشی ناوخۆ، دەگەڕێندرێنەوە سەر ماڵەکانیان.
