ئەردۆغان: نەتەنیاهۆ هیتلەریشی تێپەڕاندووە ناتوانین بێدەنگ بین

22 كاتژمێر لەمەوپێش
سەرۆک کۆماری تورکیا، جارێکى دیکە هێرشى توندى کردەوە سەر ئیسرائیل و خودى نەتەنیاهۆو دەڵێت: تەنانەت هیتلەریشی تێپەڕاندووە، لەسەردەمی هۆلۆکۆستشدا ئەوەندەى غەززە کارەساتى ترسناک ئاشکرانەکراوەو ناتوانین بێدەنگ بین لە کاتێکدا منداڵى کۆرپە لە غەززە دەمرن.
ئەمڕۆ سێ شەمممە، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا، لە حەڤدەهەمین پێشانگای نێودەوڵەتی پیشەسازی لە ئەستەنبوڵ وتارێکى پێشکەشکرد.
لەبەشێکى وتارەکەیدا، ئەوەى خستەڕوو پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانمان زیاد کردووە بە ئامانجى ئەوەى ئاگربەست لەغەززە ڕوبدات و یارمەتییە مرۆییەکان بەزویی بچنە غەززەو ئەوەش لە پێشینەی کارەکانمانە، شتێکی ترسناکە تەنانەت خاچی سووریش ڕێگری لێدەکرێت بچێتە ژوورەوە.
ئەو وتیشى: لەم ڕۆژە تاریکەدا کە مردنی بەکۆمەڵ بەهۆی برسێتی دەستی پێکردووە، داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەم بەناوی مرۆڤایەتییەوە یەکبگرن. با بڵێین "بەسە بەم ستەم و دڕندەییە".
لەبەشێکى دیکەى وتارەکەیدا، ئەردۆغان باسى بارودۆخى سوریاى کرد، دەڵێت: هێرشەکانی سەر سوریا کێشەی ئێمەیە، ململانێکان جێگای نیگەرانییە بۆ ئێمە، لە هەر شوێنێک ناڕەحەتی یان ناسەقامگیری هەبێت، ئەمانە بابەتی هەستیارن بۆ وڵاتەکەمان کە دەبێت لە نزیکەوە چاودێری بکرێن.
ناوبراو جەختى کردەوە کە هیچ نیازێکیان نییە دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆی هیچ وڵات و کەسێکدا بکەن، وتى: ئێمە بەدوای ئاشتی و ئارامی و هاودەنگیدا دەگەڕێین لە ناوچەکەماندا. لەکاتێکدا داوای ئەمە دەکەین، درێغی ناکەین لە جێبەجێکردنی مەرجەکانی. لە هەر شوێنێک شاهیدی ستەمکاری بین، بە شێوەیەکی دیاریکراو دەنگمان بەرز دەکەینەوە.
