بەرپرسانى ئیسرائیل: زۆر نزیکە ئاگربەستى غەززە ڕابگەیەنین

14 كاتژمێر لەمەوپێش
بەرپرسانى باڵاى ئیسرائیل ڕایدەگەیەنن زۆر نزیکن لەوەى ئاگربەستى غەززە ڕابگەیەنن، لەئێستاشدا ستیڤ ویتکۆف بەڕێگاوەیە بۆ ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست بۆ هەمان مەبەست.
کەناڵى ١٤ى ئیسرائیل، بڵاویکردەوە، دانوستانەکان لەگەڵ بزووتنەوەی حەماس سەبارەت بەئاگربەستى غەززە دڵخۆشکەربوون و بەرپرسانى ئیسرائیل ڕایانگەیاندووە ئێمە مەزەندە دەکەین بەم زووانە وەڵاممان دەست دەکەوێت و پێدەچێت سبەینێ ئەوە ڕوبدات.
هاوڵات وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، ئەمشەو ڕایگەیاند ستیڤ ویتکۆف نێردراوى تایبەتى دۆناڵد ترەمپ لەئێستادا بەڕێگاوەیە بەرەو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەو هیوایەی ئاگربەست لە غەززە ڕابگەیەنرێت و ئەویش چاودێرى بارودۆخەکە دەکات.
لە چوارچێوەی دانوستانەکان بۆ ئاگربەست و ئازادکردنی بارمتەکانی نێوان ئیسرائیل و حەماس، سەرچاوە باڵاکان بە کەناڵی ١٤یان ڕاگەیاندووە کە ناوبژیوانەکان فشارێکی زۆریان خستوەتە سەر حەماس بۆ ئەوەى بەئاگربەست ڕازى ببێت.
زیاتر لە هەفتەیەکە دانوستانەکان لە دۆحە بەڕێوەدەچن و شاندێکی ئیسرائیلیش ١٥ ڕۆژە لەوێ ماونەتەوەو لەوانەیە لە ٢٤ کاتژمێری داهاتوودا وەڵامێک بێت بۆ ئاگربەستەکە.
ئەمەش لەکاتێکدایە، بەپێى ڕاپۆرتێکى ڕێکخراوى یونسئێف بەدخۆراکیە کارەساتبار لە غەززە بڵاوبۆتەوەو کەمیی یارمەتییەکان بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی 101 ها,لاتى فەلەستینی کە 80یان منداڵن.
ئیسرائیل ڕەتیدەکاتەوە ڕێگری لە هاوکارییەکان بکات، حەماس تۆمەتبار دەکات بەوەى هاوکارییە مرۆییەکان و خۆراک دەدزێت، کارمەندانی UNRWA بەهۆی برسێتیەوە لەهۆش خۆیان دەچن و ناتوانن ئەرکەکانیان ئەنجامبدەن، نەخۆشخانەکان بەهۆی قوربانیی و بریندراو نەخۆشى زۆرەوە خەریکە دادەڕمێن.
