ئێران بەدوو مەرج ئامادەیە بۆ گفتوگۆ لەگەڵ ئەمریکا

12 كاتژمێر لەمەوپێش
وەزیری دەرەوەى ئێران جەختى لەسەر ئەوەکردەوە کە وڵاتەکەى، لە ئێستادا پیتاندنى پۆرانێۆمى ڕاگرتووە، بە دوو مەرجیش ئامادەن جارێکى دیکە گفتوگۆو دانوستانلەگەڵ ئەمریکا دەستپێبکنەوە.
لەچاوپێکەوتنێکى تەلەفزیۆنیدا، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەى ئێران سەبارەت بەمەرجەکانیان بۆ دەستپێکردنەوەى دانوستان وتى: دەبێت سزاکان هەڵبگرێت و بەرنامە ئەتۆمییە ئاشتیخوازانەکەمان بەردەوام بێت.
ئەو وتیشى: ئەگەر ئامانج ئەوە بێت کە ئێران هەرگیز چەکی ئەتۆمی بەدەست نەهێنێت، ئەم ئامانجە بەدی دێت، بەڵام ئەگەر ئامانج لێمان بێبەشکردن بێت لە مافە زەوتنەکراوەکانمان، لەوانەش مافی پیتاندنى زیاترى یۆرانیۆم، پێموایە ئەوە ڕووبەڕووی کێشەیەکى گەورەمان دەکاتەوەو ڕازى نابین.
وەزیرى دەرەوەى ئێران ئەوەش دەخاتەڕوو لە ئێستادا پیتاندن ڕاگیراوە چونکە هێرش کراوەتە سەر دامەزراوەکانمان. بەڵام هەر ڕێککەوتنێک لەسەر بەرنامەی ئەتۆمی دەبێت بەردەوامی پیتاندن لە داهاتوودا لەخۆبگرێت، چونکە ئەمە مافی ئێمەیە و هەرگیز دەستبەرداری نابین.
دۆناڵد ترەمپ لە چەندین وتارو لێدوانیدا بانگەشەى ئەوەدەکات کە بۆمب و مووشەکەکانی ئەمریکا "بە تەواوی" دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێرانیان لەناوبردووە، ئەمەش چانسی دروستکردنی بۆمبى ئەتۆمى لەلایەن ئێرانەوە کۆتایی هاتووە.
بەڵام ڕاپۆرتە هەواڵگرییە سەرەتاییەکان باس لەوە دەکەن کە پێدەچێت بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران تەنها چەند مانگێک دواکەوتبێتەوە، بەپێی چەند بەرپرسێک کە بەڵگەنامەکانیان بینیوە و قسەیان لەگەڵ سی ئێن ئێن و نیویۆرک تایمز کردووە.
وەزیری دەرەوەى ئێران لەبەشێکى دیکەى قسەکانیدا دەڵێت: وەک وتم مووشەک متمانەپێکراوترین ئامرازی بەرگریمانە. چۆن خۆمان چەک داماڵین؟، کێ دەتوانێت شتی وا قبوڵ بکات؟ هەرگیز خۆمان چەک داماڵین.
ئەوەشى وت: بەڵام دڵنیاتان دەکەمەوە کە مووشەکەکانی ئێران لە سروشتدا ڕێگرین؛ ئەوان بۆ بەرگرین نەک هێرشکردن و منیش بە متمانەوە دەڵێم مووشەکەکانی ئێران هەرگیز سەری ئەتۆمی هەڵناگرن؛ ئەمە دڵنیایە.
