وەزیری دەرەوەی ئەمریكا لەسەر موچە قسەى لەگەڵ سودانی كردووە

9 كاتژمێر لەمەوپێش
ماركۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، لە پەیوەندییەكەی تەلەفونیدا لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق، باسی لە پرسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم و هێرشە درۆنییەكان و پڕۆژەیاسای دەستەی حەشدی شەعبی كردووە.
تامی بروس، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە راگەیەندروێكدا دەڵێت: مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوە، قسەی لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق کردووە، سەبارەت بە هێرشەکانی ئەم دواییە بۆسەر ژێرخانی وزەی هەرێمی كوردستان، بەتایبەت ئەو كێڵگە نەوتیانەی لەلایەن کۆمپانیا ئەمریکییەکانەوە بەڕێوەدەبرێن، جەختی لە گرنگی لێپرسینەوە لە ئەنجامدەرانی هێرشەکان و رێگریکردن لە دووبارەبونەوەیان کردەوە.
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا باسیشی لە گرنگی بەردەوامی پێدانی مووچەی هەرێمی کوردستان و دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت لە رێگەی بۆریی عێراق-تورکیاوە کردووە.
بە گوێرەی راگەیەندراوەكە، روبیۆ، نیگەرانیی قوڵی ئەمریکای سەبارەت بە پڕۆژە یاسای دەستەی حەشدی شەعبی دووپاتکردەوە، کە لە ئێستادا لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقە، جەختی لەوە کردووە، هەر یاسایەکی لەو شێوەیە دەبێتە هۆی بەدامەزراوەییکردنی هەژمونی ئێران و گروپە چەکدارە تیرۆریستییەکان، ئەمەش سەروەریی عێراق لاواز دەکات.
