100 ڕێکخراو هۆشداریی دەدەن: فریاى غەززە بکەون

18 كاتژمێر لەمەوپێش
ڕەوشی مرۆیی لە غەززە گەیشتووەتە ئاستێکی کارەساتبار، غەززەییەکان بە رووخسارێکی لاواز و رەنگی زەردەوە، بە مەنجەڵێکەوە چاوەڕێی وەرگرتنی خواردن دەکەن.
زیاتر لە 100 ڕێکخراوی ناحکومی ڕۆژی چوارشەممە هۆشدارییان دا لە مەترسییەکانی "برسییەتی بەکۆمەڵ" لە غەززە، هاوکات ئەمریکا ڕایگەیاند کە ستیڤ ویتکۆف نوێنەری ئەمریکا گەشت دەکات بۆ ئەوروپا بۆ دانوستانەکان بە ئامانجی کۆتاییهێنان بە ڕێڕەوی یارمەتییە مرۆییەکان بۆ ناو کەرتی غەززە.
زیاتر لە دوو ملیۆن غەززەیی، لەوپەڕی برسێتیدا شەڕ بۆ مانەوە لە ژیان دەکەن، ئاژانسی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەنابەرانی فەلەستینی دەڵێت، رۆژ بە رۆژ راپۆرتی نائومێدکەریان لەبارەی برسێتی لە کەرتەکە پێدەگات.
ڕێکخراوە ناحکومییەکان کە بریتین لە پزیشکانی بێ سنوور، لێبوردنی نێودەوڵەتی، ئۆکسفامی نێودەوڵەتی و لقەکانی پزیشکانی بێسنوور و کاریتاس دەڵێن: "لەگەڵ بڵاوبوونەوەی برسێتی بەکۆمەڵ لە سەرانسەری غەززە، هاوکارەکانمان و ئەو کەسانەی کە یارمەتیان دەدەین لاواز دەبن".
هەروەها لە بەیاننامە هاوبەشەکەیاندا ڕێکخراوەکان داوای ئاگربەستی دەستبەجێی نێوان ئیسرائیل و حەماس و کردنەوەی هەموو دەروازە وشکانییەکان بۆ ناو کەرتی غەززە و دڵنیابوون لە ڕۆیشتنی ئازادانەی یارمەتییە مرۆییەکان بۆ ناو کەرتی غەززەیان کردووە.
منداڵ، گەنج و پیر، ژن و پیاو لە نۆرەی وەرگرتنی ژەمێک خواردنن لەو کەمپە کە دەکەوێتە نێوەڕاستی غەززە. شەکەتی کاریگەرییەکانی جەنگ و برسیەتیی لە رادەبەدەریان پێوە دیارە.
بەراورد بە پێش دەستپێکردنی جەنگەکە، نرخی ئارد 3 هەزار هێندەی پێشوو بەرزبووەتەوە، هەندێک لە پێداویستییە سەرەکییەکانی دیکەش نرخەکانیان 40 هێندەی پێشوو بەرزبووەتەوە.
ڕێکخراوە مرۆییەکان لە بەیاننامەکەیاندا ڕایانگەیاندووە کە "تەنها لە دەرەوەی کەرتی غەززە، لە کۆگاکاندا - و تەنانەت لەناو کۆگاکانیشدا - تەنێک خۆراک، ئاوی خواردنەوە، پێداویستی پزیشکی، کەرەستەی پەناگە و سووتەمەنی بەبێ بەکارهێنان ماونەتەوە، چونکە ڕێکخراوە مرۆییەکان ڕێگەیان پێنادرێت دەستیان پێ بگات یان بیگەیەنن".
ە گوێرەی ئەو پێوانانەی لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بەکاردێن، لە 2.2 ملیۆن غەززەیی 96٪ییان برسین و نزیکەی 30٪یشیان لە برسیەتی تووندان.
ئێستا تادێت نرخی خۆراک لە کەرتەکە بەرزدەبێتەوە، پێش جەنگ، کیلۆیەک شەکر بە دۆلارێک بوو، ئێستا 60 هێندەیە. هەروەها، نرخی کیلۆیەک ئاردیش لە 2.5 دۆلارەوە بووەتە 70 دۆلار.
دەزگای مرۆیی غەززە ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە لە بەیاننامەیەکدا بانگەوازێکی دەستپێکرد و ڕایگەیاند "هیچ ڕێکخراوێک ناتوانێت بە تەنیا ڕووبەڕووی ئەم تەحەدایە ببێتەوە. ئێمە بەردەوامین لە داواکردن لە کۆمەڵگەی مرۆیی جیهانی، لەوانەش نەتەوە یەکگرتووەکان، دەستوەردان بکەن و هاوکاربن لە فراوانکردنی ئۆپەراسیۆنەکانمان بۆ ئەوەی خۆراک بە خەڵکی زیاتر بخۆن".
ئەم لێدوانە ڕۆژێک دوای ئەوە دێت کە کۆمیساریای باڵای مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان سوپای ئیسرائیلی تۆمەتبار کرد بە کوشتنی زیاتر لە هەزار کەس لە خاڵەکانی دابەشکردنی یارمەتییەکان لە غەززە لە کۆتایی مانگی ئایارەوە، کە زۆربەیان لە نزیک ئەو شوێنانەن کە سەر بە دامەزراوەی مرۆیی غەززەن، کە ڕێکخراوێکە کە لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە پاڵپشتی دەکرێت و پارەدانیان ناڕوونە.
