وەزیری دارایی ئیسرائیل: کاتى ئەوەیە بەتەواوى غەززە کۆنترۆڵبکەین
.png)
13 كاتژمێر لەمەوپێش
بێزالیل سمۆتریچ، وەزیری دارایی ئیسرائیل، ڕایدەگەیەنێت ، کاتی ئەوە هاتووە کە دەرگا بەسەر هەموو ڕێککەوتن و ئاگربەستێکدا دابخەین، فەرمان بە سوپای ئیسرائیل بکرێت کە غەززە بەتەواوى کۆنترۆڵ بکەین.
وەزیری دارایی ئیسرائیل، ئاماژە بۆ ئەوەشدەکات ئەگەر ئەوەش ناکرێت پلانى دابڕانی مرۆیی جێبەجێبکرێت بۆ ملکەچکردنی بزووتنەوەی حەماس و ئازادکردنی بارمتەکان بەبێ مەرج، یان بەتەواوی لەناوبردنی کەرتەکە.
لەلایەکى دیکەوە یسرائیل کاتز وەزیری بەرگری ئیسرائیل هۆشدارى توند دەداتە حەماس و دەڵێت ئەگەر بەم زووانە بارمتەکان ئازاد نەکرێن، دەروازەکانی دۆزەخ دەکرێنەوە.
ئەمە لەکاتێکدایە، ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی ڕایدەگەیەنێ ئێمە بڕیارمانداوە لە غەززە بمێنینەوە و داوای پاراستنی ستافەکەمان دەکەین.
دەشڵێت: 90%ی دانیشتووانی غەززە ڕووبەڕووی سەختی دەستڕاگەیشتن بە ئاو دەبنەوە، بەدخۆراکی لە کەرتی غەززە بە شێوەیەکی کوشندە زیادبووە
هەروەها جەنى لەوەکردەوە، خاڵە نوێیەکانی دابەشکردنی یارمەتییەکان لە کەرتی غەززە بوونەتە ناوەندی توندوتیژی، زیاتر لە هەزار کەس لە کاتی هەوڵدان بۆ دەستکەوتنی خۆراک لە غەززە کوژران.
ڕیاز مەنسور باڵیۆزی فەلەستین لە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند کە ئیسرائیل هەموو شتێکی لە غەززە لەناوبردووە و ئاماژەی بەوەشکرد کە ئیسرائیل بە ئەنقەست برسیەکانی ناوچەی فەلەستین دەکاتە ئامانج.
ناوبراو لە میانی دانیشتنی ئەنجوومەنی ئاسایش سەبارەت بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پرسی فەلەستین درێژەی بە قسەکانی دا و وتی: غەززە بە تەواوی وێران بووە... و هیچ نیشانەیەکی ژیانی نەماوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئێستا داوای پێکهێنانی هاوپەیمانییەک لەو کەسانە دەکەین کە دەیانەوێت کۆتایی بە کارەساتەکەی غەززە بهێنن.
