عێراق داوا لەکۆمەڵگاى نێودەوڵەتى دەکات فریاى خەڵکى غەززە بکەون

13 كاتژمێر لەمەوپێش



وتەبێژی فەرمی حکومەتی عێراق ڕایدەگەیەنێت، سەرکۆنە و ڕەتکردنەوەی ئەو گەمارۆ دڕندانە بەردەوامەی هێزەکانى ئیسرائیل دەکەن لە دژی هاوڵاتیان لە کەرتی غەززە.

باسم عەوادی، وتەبێژی فەرمی حکومەتی عێراق، لەڕاگەیەندراوێکدا دەشڵێت: وڵاتانی زلهێز و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و دامەزراوەکان لە ئێستادا لە بەردەم تاقیکردنەوەیەکی ڕاستەقینەدان.

وتیشى: حکومەتی عێراق داوای کۆتایی هێنان بە سیاسەتی برسێتی لە دژی خەڵکی غەززە دەکات، و دەبێت لایەنە پەیوەندیدارەکان فشار بخەنە سەر سیاسەتمەدارانی قەوارەی زایۆنی.

دەقى ڕاگەیەندراوەکە..

حکوومەتی عێراق سەرکۆنە و ڕەتکردنەوەی ئەو گەمارۆ دڕندانە بەردەوامەی هێزە داگیرکەرەکان لە دژی هاوڵاتیان لە کەرتی غەززە دووپات دەکاتەوە، کە بەشێکە لە سیاسەتێکی سیستماتیک و نامرۆڤانەی برسیکردنی گەلی فەڵەستینی زیان لێ کەوتوو.

دیمەنەکانی منداڵانی برسی کە لە ڕیزدا وەستاون بۆ بەدەستهێنانی خۆراک، و وێنەی پاڵ بەیەکەوە نانی ژنان و پیاوان لەبەردەم بارهەڵگرە کەمەکانی یارمەتیدان، کە بوونەتە تەڵەی مردن و هێزە داگیرکەرەکان بەکاریدەهێنن، گوزارشت لە پراکتیزە نا ئەخلاقییە قێزەونەکان دەکەن، کە داوای دەستێوەردانی بەپەلەی نێودەوڵەتی دەکات بۆ لابردنى گەمارۆ و گەیاندنی پێداویستییە فریاگوزارییەکان بۆ زیان لێکەوتوان.

وڵاتانی زلهێز و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و دامەزراوەکان لە ئێستادا لە بەردەم تاقیکردنەوەیەکی ڕاستەقینەدان لە بەهێزکردنی سەروەری یاسا و بەردەوامیدان بە ئاشتی و بەرگریکردن لە ماف و شکۆی مرۆڤ، بۆیە حکومەتی عێراق داوای کۆتایی هێنان بە سیاسەتی برسێتی لە دژی خەڵکی غەززە دەکات، و دەبێت لایەنە پەیوەندیدارەکان فشار بخەنە سەر سیاسەتمەدارانی قەوارەی زایۆنی بۆ ئەوەی بەپەلە ڕێگە بە گەیاندنی کەرەستەی فریاگوزاری بۆ خەڵکی غەززە بدەن.

باسم عەوادی وتەبێژی فەرمی حکومەتی عێراق
23ی تەمموزی 2025

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار