سعودیە و سوریا گرێبەستێکیان بە بەهای 6 ملیار دۆلار واژۆکرد

2 ڕۆژ لەمەوپێش
خالید فالح وەزیری وەبەرهێنانی سعودیە ڕۆژی پێنجشەممە لە دیمەشق واژۆکردنی 47 ڕێککەوتن و یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی بە کۆی گشتی 24 ملیار ڕیال (نزیکەی 6.4 ملیار دۆلار) لە کەرتە جیاجیاکان لەگەڵ سوریا ڕاگەیاند، کە دوای چەندین ساڵ لە ململانێ هەوڵدەدات بۆ بوژانەوەی ئابووری.
کۆڕبەندی وەبەرهێنانی سوریا و سعودیە 2025 بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە لە دیمەشقی پایتەختی سوریا لە کۆشکی سەرۆکایەتی دەستیپێکرد. لە چالاکییەکەدا ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری سوریا و خالید فالح، وەزیری وەبەرهێنانی سعودیە، لەگەڵ ژمارەیەک لە بەرپرسانی سوریا و کۆمەڵێک بازرگان و وەبەرهێنەری هەردوو وڵات بەشدارییان کرد.
لەم کۆڕبەندەدا زیاتر لە ١٥٠ وەبەرهێنەری سعودی بەخۆوە دەبینێت، ئەمەش لە چوارچێوەی سەردانێکی فەرمی شاندی سعودیە بۆ سوریا. ئەم سەردانە بە پشتبەستن بە ڕێنماییەکانی شازادەی جێنشین و سەرۆکوەزیران محەمەد بن سەلمان، پشتیوانی شانشینی یەکگرتوو بۆ ئاوەدانکردنەوە و هەوڵەکانی گەشەپێدانی ئابووری لە سوریا دووپاتدەکاتەوە و هاوبەشی ئابووریی بەردەوامی نێوان هەردوو وڵات بەهێز دەکات.
خالد فالح بە سەرۆکایەتی شاندێکی زیاتر لە 150 نوێنەری کەرتی گشتی و تایبەت بە مەبەستی "تاوتوێکردنی هاوبەشی وەبەرهێنان" گەیشتە سوریا ، بەگوێرەی کەناڵی ئەخبارییە دەوڵەتی و وەزارەتی وەبەرهێنان.
وەزیری سعودیە و شاندی یاوەری بەشدارییان لە " کۆڕبەندی وەبەرهێنانی سوریا-سعودیە 2025 " لە دیمەشق کرد.
خالید فالح، وەزیری وەبەرهێنانی سعودیە ئەمڕۆ پێنجشەممە ڕایگەیاند، ڕێککەوتنی تەداول لەگەڵ بۆرسەی دیمەشق، لێکۆڵینەوە لە لیستی هاوبەشی نێوان هەردوو بازاڕ دەکات. هەروەها ئاماژەی بەوەدا کە وەبەرهێنانەکانی کەرتی پەیوەندییەکانی سعودیە لە سوریا دەگاتە 4 ملیار ڕیال.
هەروەها باسی لە ڕێککەوتنەکانی پەرەپێدانی خانووبەرە لە سوریا کرد کە بە بەهای ١١ ملیار ڕیاڵ.
لە نێو ئەو ڕێککەوتنانەی کە وەزیری سعودیە ڕایانگەیاندووە، ڕێککەوتن لەگەڵ کۆمپانیای "بەیت ئیبا" هەیە بۆ دروستکردنی پڕۆژەیەکی گەورەی خانووبەرە لە شاری حومس.
وەزارەتی وەبەرهێنانی سعودیە پێشتر ڕایگەیاندبوو کە وەبەرهێنانەکان کەرتە گرنگ و ستراتیژییەکان دەگرێتەوە، لەوانە خانووبەرە ، ژێرخانی ئابووری ، پەیوەندییەکان و تەکنەلۆژیای زانیاری، گواستنەوە و لۆجستی، پیشەسازی ، گەشتیاری ، وزە ، بازرگانی و وەبەرهێنان، چاودێری تەندروستی، سەرچاوە مرۆییەکان، و خزمەتگوزارییە داراییەکان.
بەرنامەی کۆڕبەندەکە کۆبوونەوەی دوولایەنەی بەرفراوان لە نێوان بازرگانانی سعودی و سوریا لەخۆدەگرێت، هەروەها وۆرک شۆپی تایبەتمەند بۆ گەڕان بەدوای ڕێگاکانی بەهێزکردنی هاوبەشییەکان لە کەرتە گرنگەکاندا. هەروەها چاوەڕوان دەکرێت لە کۆڕبەندەکەدا شاهیدی واژۆکردنی دەیان ڕێککەوتن و یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن لە نێوان کۆمپانیا و دامەزراوەکان لە هەردوولا بێت، کە بەهای کۆی گشتییان بە ملیاران دۆلار خەمڵێندرێت.
ئەم هەنگاوە گوزارشتە لە گۆڕانکارییەکی بەرچاو لە پەیوەندییە ئابوورییەکانی نێوان سووریا و شانشینی سعودیە، کە ئاسۆی نوێ بۆ هاوکارییە ئابوورییە درێژخایەنەکان دەکاتەوە کە خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی ئەو دوو گەلە برایە دەکات.
