ئیسرائیل: هێرشەکان ڕادەگرین بۆ گەیاندنی هاوکاری مرۆیی بە غەززە

23 كاتژمێر لەمەوپێش
سوپای ئیسرائیل ڕایدەگەیەنێت بە شێوەیەکی کاتی هێرشەکان ڕادەگرن لەپێناو گەیاندنی هاوکاری مرۆیی بە غەزە، ڕاگرتنی هێرشەکان لە مەساوی و دێربەلەح و شاری غەزە دەبێ تا کاتێکی نادیار.
وتەبێژى سوپای ئیسرائیل دەڵێت لەشەوى ڕابردووەوە دەستیان کردوە بەردانەوەی هاوكارییەكان مرۆییەكان بۆ غەززە، حەوت جۆر خواردنە لەوانە ئاردی و شەکر و خۆراکی قوتوویان تێدایە.
سوپای ئیسرائیل ئەوەش دەخاتەڕوو رێڕەوی پارێزراو بۆ بە سەلامەتی تێپەڕبوونی کاروانی هاوکارییەکان لە شوێنی خۆیان دەمێننەوە، هاوکات ئاگربەستەکە ئەو ناوچانە دەگرێتەوە کە سوپاى ئیسرائیل ئۆپەراسیۆنى تێیاندا نییە.
وتەبێژی سوپای ئیسرائیل جەختیکردەوە، شەوی رابردوو جارێکی دیکە بەردانەوەی هاوكارییە مرۆییەكان لە ئاسمانەوە بۆ غەززە دەستیپێکردەوە، هاوكات وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل رایگەیاند: بڕیارە لە بەیانی ئەمڕۆوە "ئاگربەستی مرۆیی" لە چەند ناوچەیەكی کەرتی غەززە جێبەجێ بکرێت.
سوپای ئیسرائیل لەبارەی راگرتنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئەمڕۆ لە غەززە، رونیکردەوە: لە ناوچەكانی دێر ئەلبەلەح و ئەلمەواسی دەبێت لە کاتژمێر 10:00ی بەیانی تا 8:00ی ئێوارە، لەگەڵ بەردەوامبوونی شەڕ لە دەرەوەی ناوچە مرۆییە دیاریکراوەکان.
هاوكات سەرچاوە فەلەستینییەکان جەختیانكردەوە دابەزینی هاوکارییەکان لە باکوری کەرتی غەززە دەستیپێکردووە.
لەلایەکى دیکەوە میدیاکانی میسر بڵاویانکردەوە کە بارهەڵگرەکانی یارمەتی مرۆیی لە میسرەوە بەرەو کەرتی غەززە دەستیان بە جووڵە کردووە.
کەناڵی هەواڵی ئەلقاهیرە بڵاویکردەوە، بارهەڵگرەکانی هاوکاری کە بەرەو کەرتی غەززە دەڕۆن، پێداویستی خۆراک و کەرەستەی نۆژەنکردنەوەی ژێرخانییان هەڵگرتووە.
