سێ پارێزگاى عێراق لەبەر گەرما پشوویان ڕاگەیاند

23 كاتژمێر لەمەوپێش
دوای پێشبینییەکانی کەشناسی لەبارەی بەرزبوونەوەی پلەی گەرما، سێ پارێزگای عێراق پشوویان راگەیاند و چەند پارێزگایەکی دیکە دەوامیان کەم کردەوە.
بەگوێرەى چەند راگەیەندراوێکى جیاوازى پارێزگاکانى بەسڕە و میسان و زیقار، لە باشوورى عێراق، بەهۆى بەرزبوونەوەى پلەکانى گەرماوە، لە رۆژى یەکشەممە، 27ى تەمموزى 2025، دەوامى فەرمى لە سەرجەم دامودەزگا حکومییەکانى پارێزگاکانیان بۆ ماوەى یەک رۆژ راگرتووە.
هەروەها هەریەک لە پارێزگاکانى بابل و سەلاحەدین و دیالەش، بەهەمان شێوە بەهۆى بەرزبوونەوەى پلەکانى گەرماوە، بڕیاریانداوە، گۆڕانکارى لە کاتى دەوامى فەرمانبەران لەسەرجەم دامودەزگاکانى حکومەت بکەن، لەو چوارچێوەیەش، پارێزگاى بابل بڕیاریداوە، دەوامى فەرمى فەرمانگەکان لە کاتژمێر 7ى سەرلەبەیانى دەست پێبکات تاوەکو کاتژمێر یەکى پاشنیوەڕۆ.
هەروەها ئاماژەى بەوەشکردووە، ئەو فەرمانبەرانەى کە لەدەرەوەى فەرمانگەکانیان کار دەکەن، کاتى دەوام کردنیان لە کاتژمێر شەشى سەرلەبەیانى دەستپێدەکات و تاوەکو کاتژمێر 10ى پێشنیوەڕۆ دەبێت، هەروەها ئەوانەشى دەوامیان ئێوارانە، لە کاتژمێر 10ى شەو دەستپێدەکات بۆ کاتژمێر 2ى سەرلەبەیانى رۆژى دواتر.
هاوکات، دیوانی پارێزگای دیالە رایگەیاندووە، "بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرما، بەدرێژایی ئەم هەفتەیە، دەوامی فەرمانگە و بەڕێوەبەرایەتییەکان تاوەکو کاتژمێر 12:00ـی نیوەڕۆ دەبێت."
لەلایەکی دیکەوە، پارێزگای سەلاحەدین بۆ سبەی یەکشەممە، کاتژمێرێک کاتی دەوامی کەم کردەوە و پارێزگای بابلیش دەستکاری کاتی دەوامی کرد و لە کاتژمێر 07:00ـی بەیانییەوە دەوامی فەرمانگەکان دەستپێدەکات.
عامر جابری، گوتەبێژی دەستەی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی عێراق راگەیاند، "پێشبینی دەکرێت سبەی یەکشەممە لە بەشێکی پارێزگاکانی خواروو و نێوەڕاستدا پلەی گەرما بگاتە 52 پلە."
جابری گوتی، "لە رۆژی سێشەممەوە پلەی گەرما تاڕادەیەک دادەبەزێت."
بە گوێرەی ماڵپەڕی ئێلدۆرادۆی ئەمریکی، ئەمڕۆ بەسرە دووەم و کەرکووک دەیەم گەرمترین شوێنەکانی جیهان بوون.
ماڵپەڕەکە دەڵێت، ئەمڕۆ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەسرە کە گەرماکەی 51.1 پلەی سیلیزی بووە، دووەم گەرمترین شوێنی سەر رووی زەوی بووە لە دوای شاری ئەهوازی پارێزگەی خوزستانی ئێران کە پلەکەی 51.2 بووە.
