عێراقچی وردەکارییەکانی هەوڵی کوشتنەکەى دەگێڕێتەوە
.png)
14 كاتژمێر لەمەوپێش
وەزیری دەرەوەی ئێران ئاشکرای کرد کە لە کاتی شەڕی ئەم دواییەی لەگەڵ ئیسرائیلدا یەکێک لەو ئامانجانەبووەو هەوڵی ئەوەدراوە (تیرۆر)ى بکەن، بەڵام دووجار ڕزگاری بووەو هەوڵەکان شکستیان هێناوە.
٢٠ى حوزەیرانى ڕابردوو لەگەرمەى شەڕى ئیسرائیل ئێراندا، ڕاوێژکارێکى باڵاى وەزارەتى دەرەوەى ئێران باسى لەوەکرد کەلە کاتێکدا عەباس عێرقچی وەزیری دەرەوەی ئێران سەرقاڵى ئامادەکاری بوە بۆ ئەوەى بەرەو جنێڤ بەڕێبکەوێت، ئیسرائیل هەوڵیداوە بیکوژێت، بەڵام (پیلانەکە) پووچەڵ کراوەتەوە.
لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تەلەفزیۆنی ئێران، عەباس عێراقچى وەزیرى دەرەوەى ئێران، ئەوەى خستەڕوو لەکاتى شەڕەکەدا ئیسرائیل لە نزیک شوێنی نیشتەجێبوونی ئەو بینایەکى بۆردومانکردوە، عەباس وتى: ئەو خانووەی کە کراویە ئامانج بەرامبەر ماڵەکەم بوو، بەڵام خۆشبەختانە سەلامەت بووین.
عێراقچی ئەوەشى زیاد کرد کە بەردەوام چاودێریکراوەو فڕۆکەی بێفڕۆکەوان "لەکاتی ڕۆشتن و گەڕانەوەماندا چەندین جار بەسەر سەرماندا دەفڕی"، هاوکات جەختی لەوە کردەوە کە "هیچ پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە ئیسرائیلەوە پێنەگەیشتووە هەڕەشەى لێبکات".
وەزیرى دەرەوەى ئێران ئاشکرای کرد کە وڵاتەکەی شەڕی ناوێت بەڵکو ئامادەیە بۆی. لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تۆڕی CGTN ی چین لە سەرەتای ئەم هەفتەیەدا، ئاماژەی بەوەدا کە ئێران "هیچ بژاردەیەکی نییە جگە لە بەکارهێنانی مافی بەرگریکردن لە خۆی".
ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا وتی: ئێمە ئەم شەڕەمان نەدەویست، بەڵام ئامادەبووین بۆی، ئێمە نامانەوێت ئەم شەڕە بەردەوام بێت، بەڵام دووبارەی دەکەمەوە: ئێمە بە تەواوی ئامادەین بۆی.
جێگای سەرنجە کە لە ١٣ی حوزەیران ئیسرائیل هەڵمەتێکی بۆردومانی دژی ئێران دەستپێکرد و پێگە سەربازی و ئەتۆمیەکانی ئێرانی لێدا، هەروەها سەرکردە باڵا سەربازییەکان و زانایانی ئەتۆمی تیرۆر کرد.
لەکاتێکدا ئێران وەڵامی دایەوە و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەکی ئاراستەی ئیسرائیل کرد. شەڕەکە بووە هۆی دەستوەردانی ئەمریکا لەو ململانێیەدا، لە کاتێکدا ئەمریکا لە ٢٢ی حوزەیران شوێنی ژێرزەمینیی پیتاندنی یۆرانیۆمی لە فۆردۆ لە باشووری تاران و دوو دامەزراوەی ئەتۆمی لە ئیسفەهان و ناتەنز (ناوەندی ئێران) بۆردومان کرد.
