ئاژانسی وزەی ئەتۆم دەگەڕێنەوە ئێران

3 ڕۆژ لەمەوپێش
وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، لەدوو هەفتەى داهاتوودا شانێکى ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی لە دوو هەفتەی داهاتوو سەردانی ئەو وڵاتە دەکات.
ئەمڕۆ دووشەممە 28ی تەممووزی 2025 ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە کۆنفرانسی رۆژنامەڤانیی هەفتانەیدا لەبارەی ئەگەری دەستپێکردنی گفتوگۆکان لەگەڵ ئەمریکا رایگەیاند، کۆماری ئیسلامیی ئێران بەپێی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی بڕیار لەسەر دەستپێکردن یان دەستپێنەکردنەوەی دانوستاندن لەگەڵ ئەمریکا دەدات.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، چەند ڕۆژێکە بەڕێوەبەری چاودێری ئەتۆمی تاران ئامادەی دەربڕیوەو ئامادەیە گفتوگۆ تەکنیکیەکان دەستپێبکاتەوە، وتیشى: لە ماوەی دوو هەفتەی داهاتوودا ڕێکخراوی چاودێری ئەتۆمی نەتەوە یەکگرتووەکان سەردانێک بۆ ئێران دەکات.
بەقائى باسی لەوەکرد دەستوورێک سەبارەت بە داهاتووی هاوکارییەکانی ئێران لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی، بە پشتبەستن بە گەڵاڵەیەکی ئەم دواییەی پەرلەمانی کە سنووردارکردنی ئەو جۆرە هاوکارییە، دەخرێتەڕوو.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئاماژەی بە دانوستاندنەکانی شاندی ئەو وڵاتە لەگەڵ نوێنەرانی ئەڵمانیا، فەرەنسا و بەریتانیا کرد و رەتیکردەوە، دۆسیەی مووشەکی و پرسە بەرگرییەکان بەشێک بن لە دانوستاندنەکان.
ئیسماعیل بەقایی رایگەیاند، "ئێران تەنیا لەبارەی دۆسیەی ئەتۆمی و هەڵگرتنی گەمارۆکان دانوستاندن دەکات و دانوستاندنەکانمان بە هیچ شێوەیەک توانا بەرگرییەکان ناگرێتەوە."
سەبارەت بە پرسی پیتاندنی یۆرانیۆمیش، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەڵێت، ئەگەر ئێران لە مافە ئەتۆمییەکانی بێبەش بکرێت، تاران کشانەوە لە پەیماننامەی رێگریکردن لە بڵاوکردنەوەی چەکە کۆمەڵکوژەکان تاوتوێ دەکات.
بەقایی روونیکردەوە، "هەڵوێستی ئێمە لەسەر پیتاندنی یۆرانیۆم زۆر بە روونی لەلایەن وەزیری دەرەوە خرایەڕوو. ئێمە پێمانوایە مەسەلە زۆر سادەیە؛ ئەگەر بڕیارە کۆماری ئیسلامیی ئێران وەکو ئەندامی پەیمانی قەدەخەکردنی چەکە کۆمەڵکوژییەکان (ئێن پی تی) بمێنێتەوە، دەبێ بەهرەمەند بێت لەو ماف و قازانجانەی بەهۆی ئەو ئەندامێتییە دێتە ئاراوە. ناکرێت چاوەڕوانییەکی وا هەبێت کە وڵاتێک وەکو ئەندامی پەیماننامەی قەدەخەکردنی چەکە کۆمەڵکوژییەکان بمێنێتەوە، لە هەمان کاتدا لەو مافانەی کە لە پەیماننامەکەدا هاتوون، بە تایبەتی لە بواری بەکارهێنانی ئاشتیانەی وزەی ئەتۆمدا، بێبەش بکرێت. بۆیەش چارەنووسی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران، بە پیتاندنی یۆرانیۆمیشەوە، تەواو روونە."
بەقایی ئاماژەی بە هێرشەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێرانیش کرد و رایگەیاند، رێکخراوی وزەی ئەتۆمیی ئەو وڵاتە خەریکی هەڵسەنگاندنی زیانەکانە و دواتر قەبارەی زیانەکان لە لایەن رێکخراوەکەوە بڵاو دەکرێتەوە.
