یاسای حەشدى شەعبى دەخرێتە بەرنامەی كاری پەرلەمانەوە

2 ڕۆژ لەمەوپێش
لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراق دووبارە پرۆژەیاسای حەشدی شەعبی دەگەڕێنێتەوە بۆ سەرۆکایەتیی پەرلەمان، تاوەکو بۆ پەسەندکردنی بیخاتە بەرنامەی کاری دانیشتنەکانی داهاتووەوە.
بۆ تاوتوێكردنی پێشهاتەكانی پرۆژەیاسای (دەستەی حەشدی شەعبی)، لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراق كۆبووەوە.
ئەم لیژنەیە كە پەرلەمانتار (كەریم علێوی) سەرۆكایەتیی دەكات، بۆ دانیشتنی ئەمڕۆ میوانداریی فەریق روكنی یەكەم (تەحسین عەبدولمەتەر) ئەمینداری گشتی دەستەی حەشدی شەعبی و بەرپرسی فەرمانگەی یاسایی دەستەی حەشدی كرد.
لە كۆبوونەوەكەدا لەبارەی بڕگە سەرەكییەكانی پرۆژەیاسای (دەستەی حەشدی شەعبی) گفتوگۆ كرا، پرۆژەیەك كە پێشتر لە پەرلەمانەوە خوێندنەوەی یەكەم و دووەمی بۆ كراوەو بەمدواییە ماركۆ رۆبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بەفەرمی و لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا هۆشداری بە محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق دا، لەبارەی دەركردنی ئەو یاسایە.
سەرباری هەڕەشەكانی ئەمریكا، سودانی سورە لەسەر تێپەڕاندنی یاسای حەشدی شەعبی و وەكو بەشێك لە بەرنامەی كاری حكومەتەكەی ناوی دەبات.
لە كۆتایی كۆبوونەوەی ئەمڕۆی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراقدا پێشنیاری ئەوە كراوە پرۆژەی یاسای (دەستەی حەشدی شەعبی) بەرزبكرێتەوە بۆ سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران و جێگرەكانی بۆ ئەوەی بیخەنە بەرنامەی كاری دانیشتنەكانی ئایندەی پەرلەمانەوە بەمەبەستی دەنگدان لەسەری.
رۆژی 23ـی ئەم مانگە مارکۆ رۆبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق پەیوەندییەکی تەلەفۆنییان ئەنجامدا، رۆبیۆ لەبارەی پرۆژەیاسای حەشدی شەعبییەوە نیگەرانیی ئەمریکای بە سودانی گەیاند و پرۆژەکەی بە زیاترکردنی هەژمووی ئێران و گرووپە چەکدارەکان بەسەر عێراقەوە دەزانێت.
لە نوێترین پەرەسەندندا، ژمارەیەك چەكداری حەشدی شەعبی چونە سەر فەرمانگەی كشتوكاڵی ناوچەی كەرخ، ئەمە كاردانەوەی ئەمریكای بەدوای خۆیدا هێناو سودانیشی توشی شەرمەزاریی كرد، بەتایبەتی لەكاتێكدا مشتومڕ لەسەر دەركردنی یاسای حەشد هەیە.
بەگوێرەی ڕەشنوسی یاساکە وەک ئەوەی ڕۆژنامەکە ئاماژەی پێداوە، حەشدی شەعبی وەک دامەزراوەیەکی سەربازی فەرمی مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت، دەزگای هەواڵگریی تایبەت بەخۆی دەبێت و دەتوانێت ئۆپەراسیۆنی سەربازی تایبەت ئەنجام بدات، هاوکات هێزەکانی حەشدی شەعبی نوێترین ئامێری تەکنەلۆژیای سەربازییان بۆ دابین دەکرێت و ئەکادیمیایەکی تایبەت بۆ ئەندامەکانی دادەمەزرێت.
لە ڕووی کارگێڕییەوە سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی پلەی وەزیری پێدەدرێت و دەبێتە ئەندامی هەمیشەیی لیژنەی وەزاری بۆ ئاسایشی نیشتمانی، هەر بەو پلەیەش خانەنشین دەکرێت.
