داننان بە دەوڵەتی فەلەستین مانای چییە؟

24 كاتژمێر لەمەوپێش
فەرەنسا بووە یەکەم وڵاتی گروپی حەوت کە ڕایگەیاند دان بە دەوڵەتێکی فەلەستینیدا دەنێت، دواتر بەریتانیا و کەنەداش هەمان بۆچونیان ڕاگەیاند، ئێمە لێرەدا مانای داننان بە دەوڵەتی فەلەستین ڕون دەکەینەوە ئەمە چى دەگەیەنێت.
داننان بە دەوڵەتێکی فەڵەستینی تا ڕادەیەکی زۆر ڕەمزییە، بەڵام هاوکات سیاسیشە، ئەم هەنگاوە پەیامێکی بەهێز دەنێرێت کە تاکە ڕێگە بۆ گەیشتن بە ئاشتییەکی هەمیشەیی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا چارەسەری دوو دەوڵەتە، کە بە مانای دامەزراندنی دەوڵەتێکی فەلەستینیە شانبەشانی دەوڵەتی ئیسرائیل.
کاتێک زلهێزێکی گەورەی ئەوروپی وەک فەرەنسا ئەم هەنگاوە دەنێت و مافی چارەی خۆنووسینی فەلەستینییەکان دووپات دەکاتەوە، هیوایەک دەبەخشێتە فەڵەستینییەکان کە خەونە درێژخایەنەکەیان ڕۆژێک دێتە دی.
بەڵام حکومەتی ئێستای ئیسرائیل بە توندی دژی ئەو بیرۆکەیە و دروستکردنی دەوڵەتی فەلەستینی بە مەحاڵ ناودەبات.
بەپێی ڕێککەوتننامەی مۆنتیڤیدۆی ساڵی ١٩٣٣، چەند پێوەرێک هەیە پێش ئەوەی فەلەستین وەک دەوڵەتێکی خاوەن سەروەری بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان بناسرێت.
پرۆسەکە داوا لە دەوڵەت دەکات کەئەمانەى هەبێت:
*دانیشتووانێکی هەمیشەیی
* خاکێکی دیاریکراو
*حکومەتێکی کاریگەر و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان
* پرۆسەی دیپلۆماسی فەرمی لەوانەش باڵیۆزخانە و باڵیۆز و پەیماننامەکان
*لە کۆی ١٩٣ وڵاتی ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکان، ١٤٧ وڵاتیان تا مانگی ئازاری ٢٠٢٥ فەلەستین وەک دەوڵەتێک دەناسن.
کە ڕووسیا و چین و هیندستان و هەروەها زیاتر لە دەیان لە ئەوروپا دەگرێتەوە، لەنێویاندا ئیسپانیا و ئێرلەندا و نەرویج.
چۆن نەتەوە یەکگرتووەکان ووڵاتانی نوێ و ئەندامی نوێ وەردەگرێت؟
بەزۆری وڵاتان داواکاری پێشکەش بە سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکەن، کە داواکارییەکە دەنێرێت بۆ ئەنجومەنی ئاسایش بۆ هەڵسەنگاندنی سەرەتایی و دەنگدانی ئەگەری.
پەسەندکردنی پێویستی بە لانیکەم نۆ دەنگی بەڵێ و هیچ ڤیتۆیەک لەلایەن بەریتانیا، ئەمریکا، فەرەنسا، ڕووسیا و چینەوە لەسەر نەبێت.
ئەگەر ئەنجومەن داواکارییەکە پەسەند بکات، دەچێتە ئەنجومەنی گشتی بۆ پەسەندکردن، لەوێدا زۆرینەی دوو لەسەر سێی پێویستە.
دەوڵەتێک بەبێ پشتیوانی هەردوو ئەنجومەنی ئاسایش و ئەنجومەنی گشتی ناتوانێت بچێتە نێو نەتەوە یەکگرتووەکانەوە.
هەڵمەتى دەوڵەتى فەلەستینی لە ساڵی ٢٠١١ چی بەسەر هات؟
ئەنجوومەنی ئاسایش بۆ ماوەی چەند هەفتەیەک سەیری داواکارییەکەی کرد بۆ ئەوەی بزانێت مەرجەکانی ئەندامێتی جێبەجێ کردووە یان نا.
بەڵام نەیتوانی بگاتە هەڵوێستێکی کۆدەنگی بۆیە هیچ دەنگدانێکى فەرمی بۆ ئەنجام نەدرا، تەنانەت ئەگەر ئەم هەنگاوەشی بنایە، ئەمریکا ڕایگەیاندبوو کە پلانی هەیە ڤیتۆی داواکارییەکە بکات و ڕەتى بکاتەوە.
ستارمەرى سەرۆک وەزیرانى بەریتانیا، دەڵێت کاتی دانپێدانانی فەلەستین ئێستایە، بەو پێیەی زۆرترین کاریگەری دەبێت، چونکە هیوای چارەسەری دوو دەوڵەتی - ئیسرائیلێکی "ئەمن" شانبەشانی دەوڵەتێکی "بژیوی" فەلەستین - لە مەترسیدایە، ئەو دەڵێت ئەوە بەشێکە لە "پلانێکی هەشت بەش"، کە پێشتر لەگەڵ فەرەنسا و ئەڵمانیا گفتوگۆی لەسەر کراوە.
چارەسەری دوو دەوڵەت چییە؟
چارەسەری دوو دەوڵەتی دەبێتە هۆی ئەوەی دەوڵەتێکی سەربەخۆی فەلەستینی شانبەشانی دەوڵەتی ئێستای ئیسرائیل دامەزرا - خاکی خۆیان بە هەردوو گەلەکە دەبەخشێت.
فەلەستینییەکان بەدوای دەوڵەتێکی سەربەخۆدا دەگەڕێن لە کەناری ڕۆژئاوای داگیرکراو، قودسی ڕۆژهەڵاتی لکاند و غەززە، ئەو خاکانەی کە لە دوای جەنگی شەش ڕۆژەی ١٩٦٧ەوە لەلایەن ئیسرائیلەوە داگیرکراون.
بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل و زۆربەی چینی سیاسی ئیسرائیل لە مێژە دژایەتی بە دەوڵەتبوونی فەلەستین دەکەن و دەڵێن، دوای هێرشەکانی حەوتی ئۆکتۆبەر کە لە ساڵی ٢٠٢٣ لەلایەن حەماسەوە دەستیپێکرد، پاداشتی چەکدارەکان دەداتەوە.
یەکێک لە گەورەترین بەربەستەکانی بەردەم چارەسەری دوو دەوڵەتی، بڕیاردان دەبێت کە سنوورەکانی دەوڵەتێکی ئەگەری فەلەستین چی دەبن.
زۆرێک پێیان وایە کە دەبێ هەمان ئەوانە بن کە پێش ساڵی ١٩٦٧ هەبوون، بەڵام لەو کاتەوە تا ئێستا ژمارەیەکی زۆر لە نیشتەجێبوونی ئیسرائیل لە ناو کەناری ڕۆژئاوا دامەزراون و ئێستا نزیکەی ٦٠٠ هەزار ئیسرائیلی لەوێ و لە قودسی ڕۆژهەڵاتی داگیرکراو دەژین.
کاتێک ستارمەر ڕایگەیاند بەریتانیا پەیوەندی بە فەرەنسا دەکات بۆ دانپێدانانی دەوڵەتەکە، پێشنیاری دەرچوونی بۆ ئیسرائیل کرد و وتی ئەگەر ئەم مەرجانەی خوارەوەی تێدابێت، دەتوانێت ئەو هەنگاوە بوەستێنێت:
• هەنگاوی جەوهەری بنێن بۆ کۆتایی هێنان بە "دۆخی ترسناک لە غەززە".
• ڕازیبوون بە ئاگربەست
• پابەندبوون بە ئاشتییەکی درێژخایەن و بەردەوام - زیندووکردنەوەی ئاسۆی چارەسەری دوو دەوڵەتی
• ڕێگە بە نەتەوە یەکگرتووەکان بدرێت دەست بە دابینکردنی یارمەتییەکان بکاتەوە
• نابێت هیچ لکاندنێک لە کەناری ڕۆژئاوادا هەبێت.
هەروەها لە دیوەکەی تریشدا مەرج هەیە ئەگەر حەماس بیەوێت دان بە دەوڵەتێکی فەلەستینیدا بنرێت.
بە حەماس وتراوە کە دەبێت هەموو بارمتەکان ئازاد بکات و چەک داماڵێت و بە ئاشکرا دەستبەرداری هەر ڕۆڵێکی حوکمڕانی بێت لە غەززە.
ئیسرائیل و فەلەستینییەکان چۆن وەڵامیان داوەتەوە؟
بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بە توندی ئیدانەی ئەو هەنگاوەی کردووە و ڕایگەیاندووە، داننان بە دەوڵەتێکی فەلەستین لە ئێستادا دەبێتە "پاڵگەیەکی هەڵدانی ئیسرائیل بۆ لەناوبردنی ئیسرائیل - نەک بۆ ئەوەی لە تەنیشتیەوە بە ئاشتی بژین".
حکومەتەکەی دەڵێت ئەو بڕیارە "پاداشتێکە بۆ حەماس و زیان بە هەوڵەکان دەگەیەنێت بۆ بەدیهێنانی ئاگربەست لە غەززە و چوارچێوەیەک بۆ ئازادکردنی بارمتەکان".
هاوکات مەحمود عەباس، سەرۆکی فەلەستین لە قودس "سوپاس و پێزانین"ی بۆ وڵاتانی ڕۆژئاوا دەربڕی.
دوای ڕاگەیاندنی کەنەدا، وەزارەتی دەرەوەی دەسەڵاتی فەلەستین لە بەیاننامەیەکدا کە لە ماڵپەڕی ئێکس بڵاویکردووەتەوە، ڕایگەیاندووە: "ئەم بڕیارە بوێرانە و پرەنسیپییە هەنگاوێکی بەرچاوە بەرەو دادپەروەری و ئاشتی و بەدیهێنانی مافی چارەی خۆنووسینی گەلی فەلەستین کە لەمێژە دواکەوتووە".
ئەم هەنگاوەی فەرەنسا کە دوای بڕیارێکی ئیسپانیا، نەرویج و ئێرلەندا دێت لە مانگی ئایاری 2024، دژایەتی ئیسرائیلی توندتر کردووە و هەڕەشەکانی بۆ لکاندنی کەرتی ڕۆژئاوای داگیرکراو کە خاکی دەوڵەتی داهاتووی فەلەستینییە، زیاتر کردووە.
هاوکات لەگەڵ قوڵبوونەوەی ئازارەکانی فەلەستینییەکان و بانگەوازی وەزیرانی ڕاستڕەوی توندڕەوی ئیسرائیل بۆ دەرکردنی فەلەستینییەکان لە غەززە، ئەو بڕیارە گوشارەکان لەسەر بەریتانیا و زلهێزەکانی دیکەی جیهان زیاتر دەکات بۆ ئەوەی پێش ئەوەی درەنگ بێت هەڵوێستێکی پتەوتریان هەبێت.
