داعشێک بەزیندانی هەتاهەتای سزادرا بەهۆی کوشتنی فڕۆکەوانە ئوردنیەکە

23 كاتژمێر لەمەوپێش



دادگای ستۆکهۆڵم ڕۆژی پێنجشەممە سزای زیندانی هەتاهەتایی بەسەر ئەندامێکی داعشدا، سەپاند بە تۆمەتی کوشتنی فڕۆکەوانی ئوردنی مەعاز کەساس کە لە سوریا لەلایەن داعشەوە بە زیندووی سووتێنرا.

دوو مانگ لەمەوبەر لە ستۆکهۆڵم یەکەم دادگاییکردنی کەسێک بەناوى ئوسامە کەریم چەکدارى داعش کە بە تاوانی هێرشەکانی پاریس و برۆکسل لە ساڵی ٢٠١٥ و ٢٠١٦دا سزا درابوو، دەستیپێکرد. 

کەریم بە تۆمەتی "تاوانی جەنگ و تیرۆر" تۆمەتبار کراوە بەهۆی ڕۆڵی لە کوشتنی دڕندانەی فڕۆکەوانی ئوردنی مەعاز کەساس کە لە سوریا لەلایەن داعشەوە بە زیندووی سووتێنرا.

ئەمە یەکەم دادگاییکردنی تۆمەتبارێکە لە کوشتنی دڕندانەی فڕۆکەوانە ئوردنییەکە لە ساڵی ٢٠١٥ کە بووە هۆی شەرمەزارکردنی سەرتاسەری جیهان، بەگوێرەی دەزگای داواکاری گشتی سوید.

ئەمڕۆ پێنج شەممە دادوەر ئانا لیلینبێرگ گۆلیسیۆ لە بەیاننامەیەکدا کە لەلایەن دادگای ناوچەی ستۆکهۆڵمەوە بڵاویکردووەتەوە، ڕایگەیاندووە، "تۆمەتبارەکە بە چەک و بە جلوبەرگی سەربازییەوە لە شوێنی لەسێدارەدانەکە ئامادەبووە و ڕەزامەندی دەربڕیوە لەسەر ئەوەی وێنە بگیرێت، بەشدارییەکی یەکلاکەرەوەی لە مردنی قوربانییەکەدا کردووە و دەبێت بە هاوبەشی کوشتنەکە هەژمار بکرێت".

دادگای سوید یەکەم وڵاتە، کە کەسێک لەسەر ئەم کوشتنە دادگایی دەکات کە لە ساڵی ٢٠١٥دا توڕەیی نێودەوڵەتی لێکەوتەوە.

هەفتەی ڕابردوو، دەزگای داواکاری گشتی سوید نیازی خۆی ڕاگەیاند کە ئوسامە کەریم، تەمەن 32 ساڵ سویدی، بە لەسێدارەدانی  مەعاز کەساس، لەگەڵ ژمارەیەکی دیکەی گومانلێکراوی داعش، تۆمەتبار بکات.

کوژرانی ئەو فڕۆکەوانە ئوردنی تووشی شۆک کرد، کە بەشداری لە هێرشە ئاسمانییەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە سەرکردایەتی ئەمریکا بۆ سەر پێگەکانی داعش لە سووریا دەکرد.

داواکاری گشتی ڕێنا دەڤگون لە کاتی دەستپێکردنی دادگاییکردنەکە لە ستۆکهۆڵم وتی: ئوسامە کەریم بە هەماهەنگی و ڕێککەوتن لەگەڵ تاوانبارانی دیکە، ئەندامانی داعش، مەعازکەساسیان کوشت. 

لەم چوارچێوەیەدا ئوسامە لەشوێنى سزادانەکە ئامادەبووەو جل و بەرگى داعشى لەبەردابووەو چەکێکی هەڵگرتبوو، پاسەوانی قوربانییەکە کردوەو بردویەتیەییە ناو قەفەسە کانزاییەکە و دواتر لەوێ دەستبەسەرکرا، دواتر یەکێک لە تاوانباران ئاگری لە مەعازبەردا، کە هیچ ئامرازێکی نەبوو بۆ بەرگریکردن لە خۆی یان داوای هاوکاری بکات.

لە ئوردنه‌وه‌ باوکی فڕۆکەوانەکە سافی کەساس بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاندوە "هیوادارین ئەم تاوانبارە توندترین سزا وەربگرێت، هاوتا لەگەڵ گەورەیی تاوانەکە. ئەمە ئەوەیە کە چاوەڕێی یاسایەکی ڕێزدار و دادپەروەرانە دەکەین، دادگاییکردنەکە لە هۆڵێکدا بەڕێوەچووە کە ڕێوشوێنی ئەمنی توندی تێدا گیراوەتەبەر.

ماڵپەڕی لومۆندی فەڕەنسی بڵاویکردەوە، ئوسامە کەریم لە خێزانێکی فەڵەستینی لەدایكبووە و گەورەبووە و لەساڵی ٢٠١٤ روویکردوەتەوە سوریا و دوای ماوەیەك وەکو پەنابەر گەڕاوەتەوە ئەوروپا و لەساڵی ٢٠١٦ لە بەلجیکا دەستبەسەرکراوە.

مەعاز یوسف کەساسبە، پلە سەربازییەکەی ملازمی یەکەمە و تەمەنی تەنیا 26 ساڵ بووە ئەوکاتەى دەستگیرکرا، ماوەی شەش ساڵ وەک فڕۆکەوانی جەنگی پەیوەندی بە هێزى سوپاوە کردبوو.

فڕۆکەوانە ئوردنیەکە لە مانگی کانوونی دووەمی ساڵی ٢٠١٤ دوای ئەوەی فڕۆکەکەی بەسەر شاری ڕەقە لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا کەوتە خوارەوە، لەلایەن داعشەوە دەستگیرکرا، داعش لە ٣ی شوباتی ٢٠١٥ لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا کە لە ڕێگەی ئۆنلاینەوە بڵاویکردەوە، لە سێدارەدانیدا بە سووتاندنی و کوشتنی ڕاگەیاند.

لە سێدارەدانەکە وێنەگیراوە و دواتر لە ٣ی شوباتی ٢٠١٥ لە ڤیدیۆ کلیپێکی ٢٢ خولەکیدا و لەگەڵ سروودێکی تایبەتدا بڵاوکرایەوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار