راوێژکارى دارایی سودانى: هیچ بڕە پارەیەکمان مشک و جرج نەیخواردوە

16 كاتژمێر لەمەوپێش
مەزهەر محەمەد ساڵح، راوێژکاریی دارایی سەرۆکوەزیرانى عێراق رەتیدەکاتەوە بڕى 62 ترلیۆن دینارى کاش، مشک و جرج خواردبێتیان و دەڵێت، ئەم هەواڵە هیچ راستی و لۆژیکێکى تێدا نییە.
دەنگۆی ئەو هەواڵە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە عێراق بڵاوبووەتەوە، راوێژکارەکەی سودانییش وێڕای رەتکردنەوەی دەڵێت، پارەى کاش لە عێراق لە 100 ترلیۆن دینار تێناپەڕێت و ئەوانیش پێکدێن لە پارەى ئاڵوگۆڕ و پارەى یەدەگ، فەوتانی نیوە زیاترى ئەم پارەیەش بەهۆى رووداوێکى لەم شێوەیەوە هیچ لۆژیکێکى تێدا نییە.
جەختیش دەکاتەوە لەوەی لە سیستمى کاشى عێراقدا، رێکارى زۆر توند دەگیرێتەبەر و ناکرێت ونبوون و نەمانى بڕێکى لەم شێوەیە بێ چاودێرى و ئاگادارکردنەوە رووبدات.
قەبارەی دەرچووی كاشی عێراق 100 ترلیۆن دینار تێپەڕ ناكات بە سوڕاو و یەدەگیشەوە، بۆیە قسەكردن لەبارەی لەناوچوونی نیوەی پارەی كاش بەهۆكاری ژینگەیی یاحود بایۆلۆژییەوە، لەڕووی ئابورییەوە شتێكی مەحاڵەو جێگەی باوەڕ نییە.
داتا فەرمییەكان ئاماژە بەوە دەكەن كە نزیكەی 88%ی قەبارەی گشتیی كاش لە دەرەوەی سیستەمی بانكییەو لای تاكەكەسەكانە، ئەمەش بەهۆی كلتوری بۆماوەیی كۆمەڵگەی عێراق لەبارەی دراوەوە، نەك لەناو گەنجینەی یەك دامەزراوەدا بێت كە ئەگەری هەیە توشی ئەم جۆرە لەناوچوونە ببێتەوە.
داوا لە هاوڵاتیان دەكەین دوای هەواڵی هەڵبەستراو نەكەون كە یاریكردن بە عەقڵی خەڵك و هیچ بەهایەكی ئابوری نییەو نالۆژیكییە.
