سوریا لیژنەیەک بۆ لێکۆڵینەوە لەڕوداوەکانى سوەیدا پێکدەهێنێت

14 كاتژمێر لەمەوپێش



ئاژانسى ڕۆیتەرز بڵاویکردەوە سوریا بەڵێنی داوە لێکۆڵینەوە لە پێکدادان و توندوتیژییەکانی پارێزگای سوەیدا بکات کە مانگی ڕابردوو سەدان کەسی تێدا کوژرا.
ئەمەش دووەم گەورەترین ڕووداوى توندوتیژی تائیفییە لە دوای لادانی بەشار ئەسەدی سەرۆکى پێشووى سوریا.

لە فەرمانێکدا کە لە ٣١ی تەمموزدا دەرچوو، مەزهەر وەیس، وەزیری دادى حکومەتى کاتى سوریا ڕایگەیاندوە، لیژنەیەکی حەوت کەسی - کە دادوەر و پارێزەر و بەرپرسێکی سەربازیی تێدایە - بەدواداچوون بۆ ئەو هۆکارەکان و ئەو هەلومەرجە دەکەن کە بووەتە هۆی "ڕووداوەکانی سوەیدا" و لە ماوەی سێ مانگدا ڕاپۆرتەکەیان ئامادەکەن.

لیژنەکە لێکۆڵینەوە لە هێرش و پێشێلکاریانەش دەکات کە دژی هاوڵاتیانی مەدەنی تۆمارکراوەو هەر کەسێک کە سەلمێنرا بەشداری لەو جۆرە هێرشانەدا کردووە، ڕەوانەی دەسەڵاتی دادوەری دەکرێت.

توندوتیژی لە سوەیدا لە ١٣ی مانگى ڕابردوو لە نێوان چەکدارانى هۆزەکان و گروپى دروزەکان دەستیپێکرد. هێزەکانی حکومەت بۆ کۆنرۆڵکردن و دامرکاندنەوەی شەڕەکە ڕەوانەى ئەو پارێزگایە کران، بەڵام خوێنڕشتنەکە بەردەوام و زیاتریش پەرەى سەند، ئیسرائیلیش بە ناوی پاراستنى دروزەکانەوە چەند جارێم هێرشی کردە سەر سەربازانی سوریاو بۆردومانى کردن.

دروزەکان لقێکی کەمینەی ئیسلامن و شوێنکەوتووانی لە سوریا و لوبنان و ئیسرائیلن. پارێزگای سوەدا زۆرینەی دانیشتوانی دروزن، بەڵام شوێنی نیشتەجێبوونی هۆزە سوننەکانیشە و هاوڵاتیانى ناوچەکەو گروپە جیاوازەکان چەند جارێک گرژیی و ئاڵۆزیی لەسەر زەوی و سەرچاوەکانی تر لەنێوانیاندا ڕویداوە.

پێکدادانەکانی سوەیدا، کە لە 13ـی تەممووزەوە دەستیانپێکرد، سەرەتا چەکدارانی دروز و عەرەبە سوننە دەشتەکییەکان رووبەرووی یەکدی بوونەوە، بەڵام بەگوێرەی شایەتحاڵان، شارەزایان و سەرچاوە خۆجێیەکان، هێزەکانی حکومەت لە بەرژەوەندیی دەشتەکییەکان دەستوەردانیان کردووە.
 
ئاگربەستێک لە رۆژی یەکشەممەی رابردووەوە چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە، ئەوەش دوای ئەوەی چەکدارە دەشتەکییەکان لە شاری سوەیدا کشانەوە و هێزەکانی حکومەت لە بەشێک لە پارێزگاکەدا جێگیر کران.

لە مانگی ئازارى ئەمساڵدا، سەدان هاوڵاتی مەدەنی عەلەوییەکان کوژران، دوای ئەوەی هێزەکانی هاوپەیمانی حکومەت لەناوچە کەنارییەکانی سوریا جێگیرکران.

لێژنەی دۆزینەوەی ڕاستییەکان کە دوای کوشتنەکانی مانگی ئازاری مانگی ڕابردوو دامەزرا، ٢٩٨ کەسی گومانلێکراوی ئەنجامدانی پێشێلکاری دژی عەلەوییەکانیان ڕەوانەی دەسەڵاتی دادوەری کرد.

سەرکوتکردنی دڕندانەی ئەسەد لە ساڵی ٢٠١١ لە ناو زۆرینەی سوننەی سوریا بۆ سەر ناڕەزایەتییەکانی دژ بە ئەسەد بوو بە شەڕێکی نزیکەی ١٤ ساڵە. 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار