كۆمپانیای سۆمۆ: نەوتی عێراق مەحاڵە بە قاچاغ بڕوات

5 كاتژمێر لەمەوپێش
لەڕاگەیەندراوێکیاندا کۆمپانیاى سۆمۆ، جەختى لەسەر ئەوەکردوەتەوە کە نەوتى عێراق مەحاڵە بەقاچاخ بفرۆشرێت و دەلێت: هیچ شێك لەوبارەیە بوونی نییە، بەڵکو مەحاڵە قاچاغچێتی بكرێت لە سایەی هەماهەنگی و هاوکاری بەردەوامی نێوان کۆمپانیای بە بازاڕکردنی نەوت و دەزگا ئەمنییە پەیوەندیدارەکان.
كۆمپانیای بە بازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) لە بەیاننامەیەكدا دەڵێت: میدیاکان بەڵگەنامەیەکی فەرمی دزەپێکراوی نایاسایی سۆمۆیان بڵاوکردووەتەوە، ئاڕاستەی هەندێک لایەنی ئەمنیی پەیوەنداری کردبوو، کە ناوەڕۆکەكەی پەیوەندیدارە بە ئاشکراکردنی ئەنجامی ئەو بەرنامە بەدواداچونانەی کە کۆمپانیا بەکاریدەهێنێت بۆ چاودێریکردنی جوڵەی نەوتهەڵگرە دەرچووەکان كە نەوتی خاو و بەرهەمە نەوتییەکانی عێراقیان هەڵگرتووەو بەگوێرەی رێكارەكان هەناردەكراوە لەلایەن کۆمپانیاکەوە، بۆ دڵنیابون لەوەی کە کۆمپانیا کڕیارەكان پابەندن بە مەرجەکانی گرێبەستەکانیان.
سۆمۆ دەڵێت: تێگەیشتنێکی هەڵە لە ناوەڕۆکی بەڵگەنامەکە لەلایەن میدیاکانەوە هەیە، بەو پێیەی بەڵگەنامە فەرمییە دزەپێکراوەکە بە پرسێكی ئاسایی (رۆتین)ی کارکردنی توندوڵ دادەنرێت کە لە ماوەی ساڵانی رابردوودا چەندین جار دەرچووە، هەرکاتێک لە بەرنامەکانی بەدواداچووندا ناوی ئەو نەوتهەڵگرانە ئاشکرا بکرێت کە لە کۆمپانیاکەدا تۆمار نەکراون بەوەی كە رێگەی بارکردنیان پێنادرێت، لە پێگە جیهانییەوە لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ دەکرێت ، دواتر تەواوی لایەنە ئەمنیە پەیوەندیدارەكان لەسەر زەوی ئاگادار دەكرێنەوە تا لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا بکەن و راستی و مەبەستی ئامادەبونیان دەستنیشان بكەن.
كۆمپانیای سۆمۆ ئاماژەی بەوەشکردووە: بەداخەوە بەهۆی نەبوونی پسپۆڕی، یان بەهۆی ئەوەی سروشتی بەڵگەنامەکە بۆ میدیا نەبووە، بەڵکو لە نێوان کۆمپانیاکەمان و لایەنەکانی دیکەدا كە ئاستێکی بەرزی هەماهەنگی و تێگەیشتنێکی هاوبەش هەیە لە ناوەڕۆکی بەڵگەنامەکە و ئەرکی جێبەجێکردنی، هەندێک کەناڵی میدیایی و پێشکەشکارانی بەرنامەكان و هەندێك بەناو شارەزا، کە زانیاری و ئەزموونی وردیان نییە لەگەڵ ناوەڕۆکی بەڵگەنامەکە بەپێچەوانەی لێکدانەوەی بەڵگەنامەکە، بانگەشەی ئەوەیان كردووە کە کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوت دان بە قاچاغچێتی و تێکەڵکردنی نەوت و پێكهاتەكانیدا دەنێت لە بەندەرەکانی عێراق و ئاوە هەرێمایەتیەكانی.
جەختیشكردووە: ئەمە پێچەوانەی راستییەکانە، هیچ شێك لەوبارەیە بوونی نییە، بەڵکو مەحاڵە قاچاغچێتی بكرێت لە سایەی هەماهەنگی و هاوکاری بەردەوامی نێوان کۆمپانیای بە بازاڕکردنی نەوت و دەزگا ئەمنییە پەیوەندیدارەکان و هاوبەشکردنی هەر زانیارییەک کە دەبێتە هۆی پاراستنی ئاوە هەرێمایەتیەكانی عێراق و بەندەرەکانی بارکردن و بەتاڵكردنی تیایاندا.
