کۆمیسیۆنەکەى پەرلەمانی تورکیا بۆ پرۆسەی ئاشتی کۆدەبێتەوە

20 كاتژمێر لەمەوپێش



بۆ زەمینەسازیی یاسایی و سەرخستنی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا، ئەمڕۆ  سێشەممە 5ـی ئابی 2025، یەکەم کۆبوونەوەی کۆمیسیۆنی پەرلەمانیی ئەو وڵاتە بەسەرۆکایەتی نوعمان کورتولموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا بەڕێوەدەچێت.

بەپێی میدیاکانی تورکیا،  لە یەکەم کۆبوونەوەی کۆمسیۆنەکە، شێوازی کارکردن و ناوەکەی دیاریی دەکرێت، کارەکانی تایبەت دەبێت بە پرۆسەی ئاشتی کە لە 51 ئەندام پێکدێت، ئاکپارتی 21 ئەندامی دەبێت، جەهەپە 10 ئەندامی دەبێت، هەریەکە لە دەم پارتی و مەهەپە 4 ئەندامیان دەبێت، ئیی پارتی و یەنی یۆڵ 3 ئەندامیان بۆ دیاریکراوە،  پارتەکانی دیکە کە فراکسیۆنیان نییە، هەریەکەی ئەندامێکیان دەبێت. 

بەگوێرەی میدیاكانی توركیا، بڕیارە لە کۆبونەوەدا، کە لە هۆڵی بۆنەكانی پەرلەمان بەڕێوەدەچێت، ناوی لیژنەکەو رێکارەکانی کارکردن و پرەنسیپەکانی دیاری بکرێت، سەرەتای گفتوگۆكانیش یەكلاكردنەوەی ناوی لیژنەكە دەبێت، كە ئەم پرسە لە کۆبونەوەی نێوان نومان کورتوڵموش سەرۆکی پەرلەمان و جێگرانی سەرۆکی گروپی حزبەكان تاوتوێ کراوە، بەوتەی سەرچاوە ئاگادارەكان، دروشمی سەرەکی بۆ ناوەکە، بریتین لە "هاوپشتی کۆمەڵایەتی، برایەتی و دیموکراسی".

لە کۆبونەوەكەدا، باس لە پرسەکانی وەک کۆبونەوەکان بەڕووی رۆژنامەوانیدا کراوە دەبن یان داخراو، كۆنوسەكانی كۆبونەوەكە بڵاودەکرێنەوە، یان نا.

نومان کورتوڵموش پێشتر رایگەیاند، لیژنەكە لە (51) ئەندام پێكدێت و بە زۆرینەی سێ لەسەر پێنجی دەنگ، بڕیارەکانیان دەدەن، هەندێک لە پارتە ئۆپۆزسیۆنەکانیش پێشنیازی زۆرینەی دوو لەسەر سێیان کردووە، لیژنەکە سەکۆیەک بۆ راوێژکردن لەسەر رێسا یاساییە پێویستەکان دابین دەکات.

چاوەڕوان دەكرێت، کار لەسەر یاسا گرنگەکانی وەک جێبەجێكردنی سزادان، یاسای دژە تیرۆر، یاسای سزادانی تورکیا بکات و پێشنیازی نوێ بخاتەڕوو.
هەروەها لیژنەکە داوای بۆچوونی پسپۆڕان دەکات و رای گشتیش لە ڕێگەی گەشتەکانی بۆ ئەنادۆڵ هەڵدەسەنگێنێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار