غەززە لەتینویەتیدا خەریکە دەخنکێت

5 كاتژمێر لەمەوپێش
لەگەڵ تێکچوونی دۆخی مرۆیی غەززە، زۆرێک لە دانیشتووانەکەی کە بەهۆی برسێتیەوە شەکەت و ماندوو بوون، ڕۆژانە ناچارن مەودایەکى دوور و درێژ بەسەر ناوچە وێرانبووەکاندا بڕۆن بۆ دەستکەتنى ئاوێکى پاک و خاوێن بۆ خواردنەوە.
لە کاتێکدا سەرنجی جیهانی ڕووی لە برسێتی لە غەززە کردووە، کە پۆلێنبەندی قۆناغی ئاسایشی خۆراکی یەکگرتوو (IPC) کە چاودێری برسێتی جیهانییە، ئاماژەی بەوە کردووە کە برسێتییەک لە ژێر قورسایی شەڕی 22 مانگەی ئیسرائیلدا ڕوودەدات، قەیرانی ئاو هیچى کەمتر نیە لەو برسیەتیە ترسناکەى ڕودەدات ئەمەش بەپێی ڕێکخراوە فریاگوزاریەکان.
هەرچەندە هەندێک ئاو لە وێستگە بچووکەکان لەلایەن ڕێکخراوە فریاگوزارییەکانەوە بەڕێوەدەبرێن دەدرێتە هاوڵاتیان، بەڵام زۆربەیان لە بیرەکانی ناو ئاوی ژێرزەوییەکی زۆر خوێیەوە ئاو پەیدادەکەن، ئەمەش تادێت پیستر دەبێت بەهۆی ئاوەڕۆ و ماددە کیمیاییەکان کە لە داروپەردووەکانەوە دەڕژێنەوە ناو ئەو بیرانە، ئەمەش بۆتە هۆى سکچوون و هەوکردنی جگەری بەربڵاو لەناو هاوڵاتیان و منداڵان.
هاوکات، زۆربەى سەرچاوەکانى ئاوى خواردنەوەو دابەشکردت لە ڕێگەی بۆری ئاوی ئیسرائیلەوە کە زۆربەی ئاوی پاکی غەززەیان دابین دەکرد، لە سەرەتای شەڕەکەدا وەستێنراوەو زۆربەی ژێرخانی ئاوى خاوێن لەناوچووە، جگەلەوەش زۆربەى پەمپەکانی ئاوی ژێر زەوی پشت بە کارەبای مۆلیدە بچووکەکان دەبەستن، کە سووتەمەنی بۆ کارپێکردنى کەم بۆتەوە.
لەو چوارچێوەیەدا، موئاز موخەیمەر، تەمەن 23 ساڵ، کە پێش شەڕ خوێندکاری زانکۆ بووە، دەڵێت، بۆ وەرگرتنی ئاو ناچار بووە نزیکەی کیلۆمەترێک بە پێ ببڕێت و بۆ ماوەی دوو کاتژمێر لە ڕیزدا بوەستێت.
هەروەها ئاماژەی بەوەدا کە زۆرجار دەبێت ڕۆژانە سێ جار هەمان ئەرک ئەنجام بدات. ئاوەکە دەخاتە سەر عەرەبانەیەکی بچووکی کانزایی و دەگەڕێتەوە بۆ چادرەکەی خێزانەکە لەسەر زەوییە وێرانەکە.
"تا کەی دەبێت بەم شێوەیە بمێنینەوە؟" موخەیمەر پرسیاری کرد، بەو پێیەی دوو دەفری گەورەی ئاوی زۆر خوێی بۆ پاککردنەوە و دوو دەفری بچووکتر ئاوی پاکی بۆ خواردنەوە هەڵگرتبوو.
نەتەوە یەکگرتووەکان لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند کە کەمترین بەکارهێنانی ئاوی هەر تاکێک لە حاڵەتە نائاساییەکاندا ١٥ لیترە لە ڕۆژێکدا بۆ خواردنەوە و چێشت لێنان و پاککردنەوە و شۆردن.
هاوکات ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئیسرائیلی بی'تسێلم ئاشکرایکردووە، تێکڕای بەکارهێنانی ڕۆژانە لە ئیسرائیل نزیکەی ٢٤٧ لیترە لە ڕۆژێکدا.
