سوپاسالارى ئێران: تۆڵە لە ئەمەریکا دەکەینەوە

3 كاتژمێر لەمەوپێش



سەرۆکی ئەرکانی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئێران، ڕایگەیاند: لە سیاسەتمەدارانی ئەمەریکا دەپرسم، ئایا بەڕاستی دەتانەوێت چارەنووسی وڵات و نەوەی داهاتووتان بکەنە قوربانیی ڕزگارکردنی ناتانیاهۆ؟ گەلی ئێران، برینی خیانەت و تاوانەکانی ئەمەریکا لەبیر ناکات.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 7ـی ئابی 2025، سوپاسالار سەیید عەبدولڕەحیم مەوسەوی، سەرۆکی ئەرکانی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئێران،  لە ڕێوڕەسمی چلەی (شەهیدانی جەنگی 12 ڕۆژەدا)، بە ئاماژەدان بە پێگەی بەرزیان، ئەوانی بە کۆڵەکە پتەوەکانی ئاسایشی ئەمڕۆ و دواڕۆژی ئێران زانی.

سەرۆکی ئەرکانی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئێران، لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: جەنگی 12  ڕۆژە ئەو ڕاستییەی دەرخست کە دوژمنانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە بناغە سەرەکییەکانی وڵات، واتە خێزان و نەوەی داهاتووسازی ئێران، ترسێکی زۆریان هەیە.

مەوسەوی هەروا گوتی: گەلی ئێران ئەمڕۆ لە بەرەی جیاوازدا بەرانبەر دوژمنان ڕاوەستاوە.. ئێمە دەبێت بۆ هەموو مەیدانەکان ئامادە بین؛ مەیدانی شەڕی سەربازی، هزری، میدیایی، کولتووری و ئابووری. لەم ڕێگایەدا، هەموومان ئاگەداری کێشەکانی خەڵکین و دەزانین بەرپرسان بەرانبەر بژێوی و ئارامیی گەل، ئەرکێکی قورسیان لەسەرشانە. بەڵام دەبێت وریابین لەوەی دوژمن بە شەڕی هەمەلایەنە، پەلاماری یەکێتی و ورەی نیشتمانیمان دەدات.

سەرۆکی ئەرکانی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئێران، ئاماژەی بە ڕۆڵی ئیسرائیل لە ڕووداوەکانی ئەم دواییە دا و گوتی: ڕووداوەکانی ئەم دواییە بە ڕوونی نیشانیان دا بانگەشە ناڕاستەکانی ئیسرائیل هیچ بەهایەکیان نییە و ئامانجی سەرەکییان، ڕاکێشانی ئێرانە بەرەو ئاژاوە و شەڕ. بەڵام ئەوان نازانن ئەگەر داگیرکەران لە خاکی ئێران نزیک ببنەوە، ئێرانییەکان سەرباری جیاوازیی بیروباوەڕ، لە بەرانبەریدا یەکگرتوو دەبن.

مەوسەوی، هۆشداری بە بەرپرسانی باڵای ئەمەریکی و ڕۆژئاوایی دا و گوتی: لە سیاسەتمەدارانی ئەمەریکا دەپرسم، ئایا بەڕاستی دەتانەوێت چارەنووسی وڵات و نەوەی داهاتووتان بکەنە قوربانیی ڕزگارکردنی ناتانیاهۆ؟ گەلی ئێران، برینی خیانەت و تاوانەکانی ئەمەریکا لەبیر ناکات و نەوەکانی داهاتووش بە دەنگی بەرز هاواری تۆڵەی دەستدرێژییەکانتان بۆ سەر ئەم گەلە دەکەن."

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار