کۆتایییەکی پڕ لە گێژاو چاوەڕێى ئەنجومەنی نوێنەرانى عێراق دەکات

دوێنێ
ماڵپەرى العالم جدید ڕاپۆرتێکى لەسەر ناکۆکیەکانى نێوان سەرۆکى پەرلەمانى عێراق و جێگرەکەى بڵاوکردوەتەوەو تیایدا ئەوەدەخاتەڕوو چاودێران پێیان وایە ڕووداواکانى چەند ڕۆژى ڕابردوو متمانەی عێراقییەکانیان بە پڕۆسەی دیموکراسی لاوازدەکات و ئەمەش وادەکات ئومێدى زۆریان بەهەڵبژاردنی داهاتووش نەمێنێت.
پێکدادان و سووکایەتی و هێرش و لێدانەکانى کۆتا دانیشتنی پەرلەمان لەنێوان چەند پەرلەمنتارێکى عێراق کە بۆ بڕیاردان لەسەر چارەنووسی هەشت پرۆژە یاسا کۆبوبونەوە بۆتە باسوخواسێکى گەرم لەشەقامى عێراق.
بەپێى قسەى ئەو چاودێرانەى قسەیان بۆ ماڵپەرەکە کردووە ئەو کەش و هەوایە ڕەنگدانەوەی ململانێی سیاسی و دووبەرەکی بووە دانیشتنی ئێستای پەرلەمانی خستوەتە خراپترین قۆتاغەوە و ئایندەکى پڕ گێژاو چاوەڕوانى دەکات.
ئیستا ئەنجوومەنی نوێنەران بەدەست قەیرانە دووبارەبووەکانی پەیوەست تەواونەکردنى ڕێژەى تەواوى ئامادەبوونى پەرلەمانتارانەوە دەناڵێنێت، ئەمەش لە کاتێکدایە لایەنە سیاسییە توندەکان و هەڵوێستە ناکۆکەکانیان لەسەر ئەولەویەتەکانی پرۆژە یاساکان دابەشبووە، چەندین ڕەشنووسی یاسای پەیوەست بە پرسە هەستیارەکان، وەک حەشدى شەعبى و چاکسازی لە وەزارەتی پەروەردە، چارەسەرنەکراون.
ئەحمەد یاسیری بەڕێوەبەری سەنتەری عەرەبی – ئوسترالی بۆ لێکۆڵینەوە ستراتیژییەکان بە ئەلعالم الجدید-ی ڕاگەیاند، "پەرلەمانی عێراق یەکێک لە خراپترین دانیشتنەکانی یاسادانان لەدوای دەسەڵاتی پاشایەتییەوە بەخۆوە دەبینێت، پەرلەمان بە ساتێکی زۆر گرینگدا تێدەپەڕێت، هەوڵ دەدات هەندێک یاسای مشتومڕاوی لە کۆتایی خولەکەیدا دەربکات، هەوڵدەدات خۆی لە بەرپرسیارێتی بدزێتەوە.
ئەو چاودێرە سیاسیە دەشڵێت: ئاژاوەگێڕییەکانی نێوان مەشهەدانی سەرۆکی پەرلەمان و جێگرەکەى هەوڵێکە بۆ خۆدزینەوە لە دەرکردنی ئەو یاسایانەی کە نایەوێت دەریان بکات، بەتایبەتی کە دیدێکی سیاسی یەکگرتووی نییە ئەمەش وادەکات زمانی گرژی و ئاژاوەگێڕی لەناو پەرلەمان زاڵ بێت.
لە خولی یەکەمی یاسادانان، پەرلەمان شایەتحاڵی ماوەیەک پچڕانی دانیشتنەکان بوو، بەهۆی ئامادەنەبوونی پەرلەمانتاران تەنها نۆ دانیشتن بەڕێوەچوو. سەرۆکایەتی پەرلەمان ڕەخنەی زۆری لێگیرا کە نەیتوانیوە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان جێبەجێ بکات و ڕێوشوێنی توندی بۆ مسۆگەرکردنی ڕێکوپێکی بەڕێوەچوونی دانیشتنەکان و ڕێگریکردن لە پەکخستنی بانگهێشتکردنی پەرلەمان بگرێتە بەر.
