حـ.ەم.ـاس مووچەی ٣٠ هەزار فەرمانبەری مەدەنی بەنهێنى دابەشکردوە

22 كاتژمێر لەمەوپێش



 بەپێى ڕاپۆرتێکى کەناڵى بى بى سى، دوای نزیکەی دوو ساڵ لە شەڕ، دەسەڵاتی سەربازیی حەماس زۆر لاواز بووە و سەرکردایەتی سیاسی حەماس لەژێر فشارێکی تونددایە.

بەڵام حەماس توانیویەتی لە سەردەمی جەنگدا سیستەمێکی نهێنی پارەدان لەسەر بنەمای کاش بەکاربهێنێت بۆ پێدانی مووچەی ٣٠ هەزار فەرمانبەری مەدەنی کە کۆی گشتی حەوت ملیۆن دۆلارە.

بی بی سی قسەی لەگەڵ سێ فەرمانبەری حکومی کردووە کە پشتڕاستیان کردەوە کە هەریەکەیان لە ماوەی هەفتەی ڕابردوودا نزیکەی ٣٠٠ دۆلاریان وەرگرتووە.

پێدەچێت ئەوان لەنێو دەیان هەزار کەسدا بن کە تا ئێستاش هەر ١٠ هەفتە جارێک تا ٢٠%ی مووچەی پێش جەنگ وەردەگرن.

لە کەشوهەوای هەڵاوسانی بەربڵاودا، ئەم مووچە کەمانەی کە تەنیا بەشێکی کەمی بڕە پارەی سەرەتاییە، بووەتە هۆی پەرەسەندنی ناڕەزایی تەنانەت لای لایەنگرانی دڵسۆزی حەماس.

کەمیی خۆراک دەزگاکانی فریاگوزاری دەڵێن بەهۆی سنووردارکردنی ئیسرائیلەوەیەو بەرزبوونەوەی حاڵەتەکانی بەدخۆراکی لەغەززە بەردەوامە. لە ماوەی چەند هەفتەی ڕابردوودا نرخی ئارد بەرزبووەتەوە بۆ بەرزترین ئاستی لە مێژوودا و هەر کیلۆیەک 80 دۆلار بووە.

بە لەبەرچاوگرتنی نەبوونی سیستەمێکی بانکی کارا لە غەززە، وەرگرتنی تەنانەت ئەم مووچە کەمانە پرۆسەیەکی ئاڵۆز و هەندێکجار مەترسیدارە. ئیسرائیل بەردەوام دابەشکەرانی مووچەی حەماس دەناسێتەوە و دەیکاتە ئامانج لە هەوڵێکدا بۆ تێکدانی توانای ئەو گرووپە بۆ بەڕێوەبردنی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆی.

کارمەندان لە غەززە – لە ئەفسەرانی پۆلیسەوە تا بەرپرسانی باج – زۆرجار پەیامێکی کۆدکراو لە مۆبایلەکەیان یان هاوسەرەکەیانەوە پێدەگات کە داوایان لێدەکات لە کات و شوێنێکی دیاریکراودا خۆیان نیشان بدەن بۆ ئەوەی "لەگەڵ هاوڕێیەکیان چا بخۆنەوە".

لە شوێنی کۆبوونەوەکەدا کەسێک – هەندێکجار پیاوێک، هەندێکجار ژنێک – بە نهێنی لێیان نزیک دەبێتەوە و زەرفێکی مۆرکراویان پێدەدات کە پارەی تێدایە و دواتر بەبێ قسەی زیاتر بەپەلە ون دەبێت.

کارمەندێکی وەزارەتی کاروباری ئایینی بزووتنەوەی حەماس – کە بە هۆکاری ئەمنی داوای کرد ناوی ئاشکرا نەکرێت – باسی مەترسیەکانی وەرگرتنی مووچەکەی دەکات و دەڵێت: "هەرجارێک دەچم بۆ وەرگرتنی مووچەکەم، ماڵئاوایی لە ژن و منداڵەکانم دەکەم، دەزانم ڕەنگە نەگەڕێمەوە. خاڵەکانی دابەشکردنی مووچە چەند جارێک کراونەتە ئامانجی هێرشەکانی ئیسرائیل. من لە یەکێک لەو هێرشانە ڕزگارم بوو، لە بازاڕێکی قەرەباڵغی شاری غەززە".

عەلا – کە ناوەکەی گۆڕاوە بۆ پاراستنی ناسنامەکەی – مامۆستایەکە کە لەلایەن حکومەتی حەماسەوە دامەزراوە و تاکە بژێوی خێزانێکی شەش کەسییە.

ئەو بە بی بی سی وتووە "هەزار شیکڵ (نزیکەی 300 دۆلار) پارەی نەختینەی کۆنم دەستکەوت - هیچ دوکاندارێک وەریناگرێت. تەنها 200 شیکڵ لەو پارەیە بەکاردەهێنرا. ڕاستگۆیانە نازانم چی لە باقیەکەی بکەم".

ئاماژەی بەوەشکرد، دوای دوو مانگ و نیو لە برسێتی، پارەیەکی کەممان پێدەدەن. "زۆرجار ناچارم سەردانی ناوەندەکانی دابەشکردنی هاوکارییەکان بکەم بەو هیوایەی بڕێک ئارد بدۆزمەوە بۆ ئەوەی خۆراک بە منداڵەکانم بدەم، هەندێکجار دەتوانم بڕێکی کەم لەگەڵ خۆم بهێنمە ماڵەوە، بەڵام زۆربەی کاتەکان بە دەستی بەتاڵ دەگەڕێمەوە".

لە مانگی ئازاری ئەمساڵدا، سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند، لە هەڵمەتێکدا بۆ سەر نەخۆشخانەی ناسر لە خان یونس، ئیسماعیل بەرھوم، سەرۆکی دارایی حەماسیان کوشتووە، بە تۆمەتی گواستنەوەی پارە بۆ باڵی سەربازی حەماس.

سەرەڕای وێرانبوونی بەشێکی زۆری هەیکەلی ئیداری و دارایی حەماس، هێشتا دیار نییە ئەو گرووپە چۆن توانیویەتی بەردەوام بێت لە پێدانی مووچەی فەرمانبەرانی.

بەرپرسێکی باڵای بزووتنەوەی حەماس کە لە پۆستە باڵاکاندا خزمەتی کردووە و ئاشنایە بە ماکینەی دارایی گرووپەکە بە بی بی سیی ڕاگەیاندووە، حەماس پێش هێرشە کوشندەکەی ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ بۆ سەر باشووری ئیسرائیل نزیکەی ٧٠٠ ملیۆن دۆلاری کاش و سەدان ملیۆن شیکلی لە تونێلی ژێر زەویدا هەڵگرتووە - هێرشێک کە بووە هۆی دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی بەرفراوانی ئیسرائیل.

دەگوترێ ئەم سەرچاوانە ڕاستەوخۆ لەلایەن یەحیا سینوەر، سەرۆکی ئەوکاتەی بزووتنەوەی حەماس و محەممەد سینوەری برایەوە سەرپەرشتی کراون، کە هەردووکیان بە دەستی هێزەکانی ئیسرائیل کوژراون.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار