ئیسرائیل: پەیامنێرەکەى جەزیرە حـ.ـە.مـ.ـاس بوو بۆیە کرایە ئامانج

3 كاتژمێر لەمەوپێش
ئەنەس شەریف ئەو ڕۆژنامەنوسەى شەوى ڕابردوو لەبۆردومانێکدا کوژرا، سوپاى ئیسرائیل وەک سەرکردەیەکى حەماس ناوى دەبات و ڕایدەگەیەنێت: ئەو کەسە سەرکردەیەکی حەماس بووە، خۆی وەک ڕۆژنامەنووسێکی کەناڵى جەزیرە لە غەززە ناساندوە.
بەپێى ڕاگەیەندراوەکەى سوپاى ئیسرائیل ئەوان چەندین بەڵگەنامەى هەواڵگرییان دەستکەوتووە پشتڕاستى ئەوەدەکەنەوە کە ئەنەس شەریف ڕۆڵی هەبووە لەو هێرشە موشەکییەکانەى کە کراوەتە سەر ئیسرائیل.
ئێمە ماوەیەکە بەدواى ئەنەس شەریفەوەین، دواجار لەڕێگەى چالاکیەى وردەوە ئەو کەسە کرایە ئامانج و هەوڵماندا کەمترین کەس ببێتە قوربانى لەو ڕوداوەدا، ئەمە بەشێکە لەڕونکردنەوەو ڕاگەیەندراوەکەى سوپاى ئیسرائیل.
لە ماوەكانی رابردوودا، سوپای ئیسرائیل تۆمارێكی لەسەر ئەنەس شەریف بڵاوكردەوە و رایگەیاند: ئەنەس شەریف ئەندامی حەماسە. لە 3ـی كانوونی یەكەمی 2013ـەوە وەك ئەندامی كەتیبەی رۆژەهەڵاتی جەبالییەی حەماس دەستبەكار بووە. پلەی ئەنەس بەرپرسی شانەیەكی تیرۆریستی بووە كە موشەكییان ئاراستەی ئیسرائیل كردووە، ئەوەشی لە ژێر ناوی رۆژنامەنوسیدا كردووە.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە ئەنەس ئەلشەریف سەرۆکی شانەیەکی شاراوەى حەماس بووە، پێشتر زانیاری هەواڵگری و چەندین بەڵگەی دۆزراوی لە کەرتی غەززە ئاشکرا کرا بووە شتڕاستی ئەوە دەکەنەوە ئەو ڕۆژنامەنوسە پەیوەندیی سەربازی بە حەماسەوە هەبووە.
شەوى ڕابردوو بەڕێوەبەری کۆمەڵگەی پزیشکی شیفا لە غەززە، بڵاویکردەوە لە ئەنجامی بۆردومانێکی ئیسرائیل بۆ سەر خێمەی ڕۆژنامەنووسانی بەردەم نەخۆشخانەکە هەریەکە لە ئەنەس شەریف و محەمەد قریقە، پەیامنێرانی کەناڵی جەزیرە کوژراون.
کەناڵی جەزیرەش ڕایگەیاند بەهۆى هەمان بۆردومانەوە شەش ڕۆژنامەنوسى دیکە گیانیان لەدەستداوە لەنێو ئەوانەدا دوو وێنەگرو فۆتۆگرافەرى کەناڵى جەزیرەى تێدایە بەناوى ئیبراهیم زاهر و محەمەد نوفەل.
هاوکات کەناڵەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، تۆپبارانەکانی ئیسرائیل دەروازەی سەرەکی کۆمەڵگەی پزیشکی شیفایان لە شاری غەززە کردۆتە ئامانج. لە ماوەی شەڕی ئیسرائیل لەغەززە ژمارەیەک ڕۆژنامەنووسی کەناڵی جەزیرەیان کوشتووە لەوانە ئیسماعیل غول و حوسام شەبات.
بەپێی راگەیەندراوەی جەزیرە، ستافەكەیان لە نزیك نەخۆشخانەی شیفا بە ئامانج گیراون. پێش ئەوەی بە ئامانج بگیرێت، ئەنەس شەریف لە بڵاوكراوەكیدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی "ئێكس" تۆمارێكی ڤیدیۆیی بڵاوكردووەتەوە و لەسەر نوسیوە: "بۆ ماوەی دوو كاتژمێرە هێرش بەردەوامە."
لەلایەکى دیکەوە، بەڕێوەبەری گشتی وەزارەتی تەندروستی غەززە ڕایدەگەیەنێت ئەنەس پێشتر پێی وتوە کە ئیسرائیل بەردەوام هەڕەشەی لێدەکات، ئەو وتیشى: ئەنەس و محەمەد شاهیدی کۆمەڵکوژییەکان بوون و ئاوێنەیەک بوون کە ڕەنگدانەوەی ئەو دڕندەییانەی لە غەززە ڕوودەدەن.

