وەزیری وزەی سوریا بۆ پرسی نەوت و ئاو دەگاتە بەغدا

5 كاتژمێر لەمەوپێش
یاسین شەریف حجێمی، کاربەڕێکەری باڵیۆزخانەی عێراق لە سوریا بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی راگەیاند، سبەی محەمەد بەشیر، وەزیری وزەی سوریا لەسەر بانگهێشتی فەرمیی حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق دەگاتە بەغداد و ئامانجی سەردانەکەش دۆسیەکانی نەوت و ئاو دەبێت.
دەشڵێ، سەردانەکە بۆ لێکتێگەیشتنە لەگەڵ لایەنی عێراقی بۆ گواستنەوەی نەوت بە بۆری لەڕێی سوریاوە بۆ دەریای ناوەڕاست، ئەویش لەڕێی بەندەری بانیاسی سوریاوە.
ئاماژەی بەوەشداوە، وەزیرەکەی سوریا لەگەڵ عەون زیاب، وەزیری سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق کۆدەبێتەوە بۆ داڕشتنی پلانێک و گەیشتن بە لێکتێگەیشتن لەبارەی پرسی کەمیی ئاو و کەمبوونەوەی رێژەی بەردانەوەی ئاوی فورات، کە لە 500 مەتر سێجا لە چرکەیەکدا بۆ 300 مەتر سێجا دابەزیوە.
دوو رۆژ پێش ئێستا محەمەد بەشیر وەزیری وزەی سوریا بە کەناڵی هەواڵی فەرمیی سوریای راگەیاندبوو، لەگەڵ بەرپرسانی عێراقی تاوتوێی نۆژەنکردنەوە و بەگەڕخستنەوەی هێڵی بۆریی کەرکوک بۆ بەندەری بانیاسی وڵاتەکەیان دەکات.

