موسەننا سەمەڕائی داوا دەکات حەلبوسی لە هەڵبژاردنەکان دووربخرێتەوە

10 كاتژمێر لەمەوپێش



سەرۆکی هاوپەیمانیی عەزم، موسەننا سەمەڕائی سکاڵایەکی فەرمی ئاراستەی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراقی کردووە و داوای دوورخستنەوەی محەممەد ڕێکان حەلبووسی، سەرۆکی پارتی تەقەدوم، لە بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمان دەکات، دەڵێت: "ئەو کەسە دەستپاک نیەو هەڵسوکەوتی باشی نییە".

بەگوێرەی ئەو بەڵگەنامانەی میدیا عێراقیەکان بڵاویانکردوەتەوە سکاڵاکە ڕۆژی 12ـی ئاب بە فەرمی پێشکەش بە ئەنجوومەنی کۆمیسیاران کراوە. سامەڕائی لە سکاڵاکەیدا پشتی بە بڕیاری پێشووتری دادگای باڵای فیدراڵی ژمارە (9/فیدراڵی/2023) بەستووە، بەهۆیەوە ئەندامێتیی حەلبووسی لە ئەنجوومەنی نوێنەران هەڵوەشێنرایەوە.

لە سکاڵاکەدا ئاماژە بەوە دەکات کە بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی سەلماندوویەتی، حەلبووسی مەرجە سەرەکییەکانی کاندیدبوونی لەدەستداوە، بەتایبەتی مەرجی "ڕەوشت و ناوبانگی باش" و "ئەمین و دەستپاک بوون" کە لە ماددەی (7/سێیەم)ی یاسای هەڵبژاردنەکاندا هاتووە.

 بەگوێرەی بەڵگەنامەیەک کە لەلایەن کۆمیسیۆنەوە دەرچووە، ئاماژە بەوە دەکات، ئەوان وەرگرتنی (سکاڵایەک) پشتڕاست دەکەنەوە کە پێشکەش بە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان کراوە لەلایەن موسەننا عەبدولسەمەد سامەڕائی، دژی سکاڵالێکراو (محەممەد ڕیکان حەدید).

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار