21 ملیۆن زیارەتکار بەشدارى رێوڕەسمى چلەى ئیمام حسێنیان کردوە

2 كاتژمێر لەمەوپێش
بە بەشدارى زیاتر لە 21 ملیۆن زیارەتکار رێوڕەسمى چلەى ئیمام حسێن کۆتاییهات، موقتەدا سەدر داواى هەڵمەتى پاکردنەوەى هەردوو شارى نەجەف و کەربەلا دەکات.
عەتەبەى عەباسى لە عێراق، رایگەیاند، 21 ملیۆن و 103 هەزار و 524 زیارەتکار بەشدارییان لە چلەى ئیمام حسێن کرد.
پارێزگاری نەجەف لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، ڕایگەیاند "کامێراکانی چاودێری لە پارێزگاکەدا هاتنی 17 ملیۆن سەردانکەریان بۆ نەجەف لە کاتی زیارەتی عەربەین تۆمارکردووە".
موقتەدا سەدر، رێبەرى رەوتى نیشتمانیی شیعى لە عێراق، داوا دەکات هەڵمەتێکى دوو رۆژە بۆ پاکردنەوەى هەردوو پارێزگاى نەجەف و کەربەلا بەهاوبەشى لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان بکرێت.
لەلایەکى دیکەوە ناوەندێکی توێژینەوە ئاشکرای دەکات، لە مەراسیمی چلەی ئیمام حسێندا کە هەفتەی رابردوو بەڕێوەچوو، 3.8 ملیار پەرداخ ئاوی خواردنەوە و زیاتر لە 422 ملیۆن ژەمە خۆراک بێبەرامبەر بەسەر زیارەتکاراندا دابەشکراوە.
ناوەندی نەجەف بۆ لێکۆڵینەوەی ستراتیژی، راپۆرتێکی شۆکهێنەری لەبارەی ئەو ئاو و خۆراکانەوە بڵاوکردوەتەوە کە لە مەراسیمی چلەی ئیمام حسێندا دابەشکراوە، کە پێشتر هاوشێوەی نەبووە.
لە راپۆرتەکەدا هاتووە، بەپێی ئامارە سەرتاییەکان لە مەراسیمی چلەی ئیمام حسێندا کە هەفتەی رابردوو لە کەربەلا بەڕێوەچوو، 3.798.634.320 زیاتر لە سێ ملیار و 798 ملیۆن پەرداخ ئاوی خواردنەوە بەسەر زیارەتکاراندا دابەش کراوە، هەر سەردانیکارێکی چلە رۆژانە لایەنی کەم 45 پەرداخ ئاویان بەرکەوتووە.
هەر پەرداخێک ئاو بە 170 ملیلیتر و هەر شەش پەرداخێک ئاویش بە یەک لیتر خەمڵێنراوە.
ئەو ژمارانەی بڵاوکراونەتەوە تەنها ئاوی خواردنەوە بوون، جگە لەو بڕە زۆرەی ئاو کە بۆ ئامادەکردنی خۆراک و پاککردنەوە و پێداویستییەکان دیکەی رۆژانە بەکارهاتوون.
ناوەندەکە راپۆرتێکی دیکەی لەسەر بڕی خۆراکی دابەشکراو بڵاوکردووەتەوە و ئاشکرای کردووە، لە مەراسیمی چلەدا زیاتر لە 422 ملیۆن ژەمە خۆراک بەسەر زیارەتکاراندا دابەش کراوە، کە هەر زیارەتکارێک بە تێکڕا رۆژی 5 ژەمە خۆراکی بەرکەوتووە، وەک ژەمی سەرەکی لە مەراسیمی چلەدا.
ئاماژەی بەوەکردووە؛ ئەوە ژەمە سەرەکیی و دیارەکانە جگە لە هەزاران ژەمە خۆراکی دیکە کە لەلایەن خێرخوازان و لەسەر رێگا سەرەکییەکان بەسەر سەردانیکاران و زیارەتکاراندا دابەشکراوە.
