ڕاوێژکاری خامنەیی: ئاگربەستدا نەماوە ڕەنگە شەڕێکی دیکە ڕوبدات

3 كاتژمێر لەمەوپێش
ڕاوێژکاری ڕێبەری شۆڕشی ئیسلامیی ئێران ھۆشداری دەدات لە ئەگەری ڕوودانی شەڕێکی نوێ لەگەڵ ئیسرائیل لە ھەر ساتێکدا و جەختی لەوە کردەوە کە دۆخەکە بە "جەنگگەرایی" دەمێنێتەوە و ھەموو سیناریۆکان لەسەر مێزن.
یەحیا ڕەحیم سەفەوی، ڕاوێژکاری باڵای سەربازیی ڕێبەری مەزنی ئێران و فەرماندەی پێشووی سوپای پاسداران لە تویتێکدا لەتۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس ڕایدەگەیەنێت ڕایگەیاندووە، بڕوای وایە شەڕێکی دیکە ڕووبدات. ئاماژەی بەوەشکردووە، سوپا پلان دادەنێت و سیناریۆکان پەرەپێدەدات خۆی بۆ خراپترین حاڵەت ئامادە دەکات.
ئەو راوێژکارە دەشڵێت: هیچ ڕێککەوتن و پڕۆتۆکۆلێک لە نێوان ئێران و ئەمریکا و قەوارەی ئیسرائیلدا نییە، لە هەر کاتێکدا بێت، پێکدادانەکان دەستپێ دەکەنەوە.
یەحیا ڕەحیم سەفەوی ئەوەشى ڕایگەیاندوە کە ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازی دیکە لەگەڵ ئیسرائیل یان ئەمریکا ئەگەری هەیە، هەروەها گرنگیی ئاگربەستی ئێستای کەمکردەوە، کە بە وتەی خۆی ئێستا لە قۆناغێکی دیکەی شەڕی بەردەوامن، "ئێمە لە ئاگربەستدا نین، ئێمە لە شەڕێکداین. هیچ ڕێککەوتنێک نییە".
هاوکات سێ سەرچاوە لە ڕێژیمی ئێران هەفتەی ڕابردوو بە ئاژانسی ڕۆیتەرزیان ڕاگەیاندووە، خامنەیی بڕیاری داوە پشتیوانی لە گەڕانەوە بۆ دانوستانە ئەتۆمییەکان لەگەڵ ئەمریکا بکات.
بەگوێرەی ئەو سەرچاوانە، خامنەیی "گەیشتووەتە ئەو بڕوایەی کە دانوستان تاکە ڕێگایە بۆ دوورکەوتنەوە لە ململانێی سەربازی - کە دەتوانێت ببێتە هۆی ڕووخاندنی ڕژیم".
هەروەها ڕۆژنامەی تەلەگرافی بەریتانی بڵاویکردووەتەوە، دوای ئەوەی نزیکەی ٣٠ زانای ئەتۆمی لە ئۆپەراسیۆنی سەربازى ئیسرائیلدا کوژراون، ئێران ئەوانەی کە ماونەتەوە گواستووەتەوە بۆ شوێنی نهێنى و حەشاردراون.
شارەزایانی ئیسرائیل بە ڕۆژنامەی تەلەگرافیان ڕاگەیاندووە، چاوەڕوان دەکرێت نەوەیەکی نوێی زانایانی ئەتۆمی ئێرانی شوێنپێی ئەو کەسانە بکەون کە کوژراون و بە "مردووانی ڕێپێوان" وەسفیان بکەن - سەرەڕای بەرزبوونەوەی ئەو ئاسایشەی کە لەژێریاندایە، کە بریتییە لە خانووی سەلامەت و پاسەوانی بەدرێژایی شەو ڕؤژ.
