حەماس ئەمڕۆ وەڵامی پێشنیازە نوێیەکە دەداتەوە بۆ ڕێککەوتن

2 مانگ لەمەوپێش
ماڵپەرى ئەکسیۆسى ئەمریکى بڵاویکردەوە شێخ محەمەد بن عەبدولڕەحمان ئال سانی سەرۆک وەزیرانی قەتەر بەرێوەیە بۆ میسر بۆ دانوستان لەبارەی ئاگربەستی غەزە بڕیارە لەگەڵ سەرۆکی میسر و نوێنەرانی حەماس کۆببێتەوە.
بەپێى ناوەڕۆکى هەواڵەکەى ئەکسیۆس ئامانجی کۆبوونەوەکانى سەرۆکوەزیرانی قەتەر بۆ ئەوەیە گفتوگۆی راستەوخۆ لەگەڵ حەماس و لایەنەکانی دیەکەی فەڵەستین بکرێت و دانوستانەکان بەرەوپێش ببرێن.
چەند سەرچاوەیەکیش بە کەناڵی جەزیرەیان ڕاگەیاندووە، سەرۆک وەزیرانی قەتەر وەزیری دەرەوەی ئەوڵاتەشى لەگەڵە دەڕوات بۆ گفتوگۆکردن بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن لەسەر غەززە، لە هەمان کاتدا کەناڵی ئەلعەرەبیە بڵاویکردەوە کە حەماس پێشنیارێکی نوێی بۆ ڕێککەوتنێک پێگەیشتووە و بڕیارە ئەمڕۆ وەڵامی بداتەوە.
میسر و قەتەر و ئەمریکا نێوەندگیری لە نێوان ئیسرائیل و حەماس دەکەن بۆ گەیشتن بە ئاگربەست لە کەرتی غەززە. دوایین خولی دانوستانی ناڕاستەوخۆی نێوان هەردوولا لە دەوحە، بە سەرپەرشتی نێوەندگران، بۆ ماوەی چەند هەفتەیەک بەردەوام بوو، پێش ئەوەی لە ٢٥ی تەمووزدا بەبێ هیچ ئەنجامێک کۆتایی پێهات.
ناوبژیوانانی دانوستانەکانی ئاگربەستی ناڕاستەوخۆ لە کەرتی غەززە پێشنیارێکی نوێیان پێشکەش بە حەماس کردووە کە ئامانج لێی دەستپێکردنەوەی دانوستانەکانە.
سەرچاوەکانی ئەلعەرەبییە پشتڕاستیان کردەوە کە نوێنەرانی میسر و قەتەر ئەو دەستپێشخەرییە نوێیەیان بە بزووتنەوەکە گەیاندووە، بە ئامادەبوونی سەرکردەکانی چەند لایەنێکی فەلەستینی.
سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوە کردووە، سەرکردەکانی گروپەکان داوایان لە حەماس کردووە کە "لە ماوەی چەند کاتژمێری داهاتوودا وەڵامێک بۆ ئەو پێشنیازە ئامادە بکات".
ئەمەش لە کاتێکدایە کە بزووتنەوەیەکی گشتی لەناو ئیسرائیلدا، بەتایبەتی لەلایەن بنەماڵەی دەستگیرکراوەکانەوە، هەوڵدەدەن فشار بخەنە سەر حکومەت بۆ ئەوەی بگەنە ڕێککەوتنێکی گشتگیر کە هەمووان بگەڕێنێتەوە و کۆتایی بە شەڕەکە بهێنێت.
سەرچاوەیەکی دیپلۆماسی ئاگادار لە وردەکارییەکانی غەززە ڕایگەیاند، دوێنێ نێوەندگرانی میسر و قەتەر لە قاهیرە لەگەڵ نوێنەرانی بزووتنەوەی حەماس کۆبوونەوە و بیرۆکەی نوێیان بۆ ڕێککەوتنی بارمتەگرتن و ئاگربەست لە غەززە پێشکەش کرد.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا پەیامێکی بە ناوبژیوانان گەیاندووە، کە "دوا دەرفەت" هەیە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن پێش فراوانکردنی ئۆپەراسیۆنی سەربازی ئیسرائیل لە کەرتی غەززە، بە پاڵپشتی واشنتۆن.
میسر بە هەماهەنگی لەگەڵ قەتەر هەوڵدەدات بگەڕێتەوە بۆ ڕێککەوتنێکی کاتی ئاگربەست بۆ ماوەی 60 ڕۆژ، لەو ماوەیەدا 10 ئیسرائیلی زیندوو و ژمارەیەک تەرم ئازاد دەکرێن. پاشان دانوستانی دەستبەجێ بۆ ڕێککەوتنێکی گشتگیرتر دەست پێدەکات، کە ڕێککەوتن لە ڕۆژی دوای کۆتایی هاتنی شەڕ لە کەرتی غەززە مسۆگەر دەکات.
