دانپێدانانی چەند چەکدارێکی حکومەتی سوریا لەسەر کۆمەڵکوژی دروزەکان

2 كاتژمێر لەمەوپێش
سێ چەکداری حکومەتی ڕاگوزەری سووریا: وەزارەتی بەرگریی ڕێنمایی کۆمەڵكوژکردنی درووزەکانیان کردین
سێ چەکداری حکومەتی ڕاگوزەری سووریا، کە لەلایەن هێزە درووزییەکانەوە دەستگیرکراون دانیان بە تاوانەکانیاندا ناوە و دەڵێن: وەزارەتی بەرگریی حکومەت ڕێنمایی کۆمەڵکوژکردنی دەرکردووە و ئێمەیش ئەو ڕێنماییانەمان جێبەجێ کرد.
لە ١٣ـی تەممووزەوە لە شاری سووەیدا هێرشی هێزە ئەمنییەکانی وەزارەتی ناوخۆ لە دژی پێکهاتەی درووزی دەستی پێکرد، لەو هێرشانەدا هەر لە دەستدرێژییەوە بیگرە تا کوشتن چەندین کردەوەی دژە مرۆڤایەتییانە لە دژی درووزەکان ئەنجام درا، هێرشەکە بەشێوەیەک بەرفراوان بوو کە هەموو سنووری سووەیدای گرتووە و تێیدا کۆمەڵکوژی ئەنجام درا.
پێکهاتە درووزی لە بەرانبەر ئەو هێرشانەدا هێزی جەوهەری خۆیان درووستکرد و لە دژی هێرشی چەکداران و هێزە ئەمنییەکانی حکومەتی ڕاگوزەر وەستانەوە، لە ڕووبەڕووبوونەوەکاندا وێڕای کوشتنی چەندین چەکدار، بەشێک لە چەکدار و چەتەی هێرشکەر بە دیلی کەوتنە دەست هێزە درووزییەکان.
هەریەکە لەو چەتانەش کە تەمەنێکی کەمیان هەیە بەناوەکانی، محەمەد عەبدوڵا عەلاوی کە لە ساڵی ٢٠٠٧ لەدایکبووە، مەحمود تەلال مەتر لە درعا و لە ساڵی ٢٠٠٩ لە دایکبووە کە سەر بە ئەندامی گرووپی ٦٢ـی سەر بە محەمەد جاسم “ئەبو عەمشە” بوون و بەدر محەمەد لە دایکبووی ساڵی ٢٠٠٨، سەر بە وەزارەتی بەرگریی سووریا بووە و لە گرووپی سەیدا زەینەبی سەر بە ئەبو حاتم دۆمانی بووە.
ئەو چەکدارانە لە دانپێدانانەکانیاندا باسیان لەوەکردووە، کۆمەڵکوژی و کردەوە توندوتیژییەکانی سەر درووزەکان لەسەر ڕێنمای وەزارەتی بەرگریی حکومەتی ڕاگوزەری سووریا ئەنجام دراوە و پێمان وتراوە کە لە سووەیدا، ئەوەی هاتە بەردەممان بە منداڵ و گەورەوە بەبێ جیاوازی بیکووژین، کۆمەڵکوژییەکی تەواوەتی ئەنجامبدەین و ئێمەش ئەو ڕێنماییانەمان جێبەجێکرد.
لە لینکەوە ڤیدیۆىدانپێدانانى ئەو چەکدارانە ببینە..
https://t.me/hawlatinews/27154
