ئەحمەد شەرع هەڵبژادنى پەرلەمانى سوریا دوادەخات

3 كاتژمێر لەمەوپێش



سەرچاوە باڵاکانی سوریا لە چوارچێوەی دەسەڵاتی کاتى بە ماڵپەڕی عەرەبیەنێتیان  ئاشکرایان کردووە ئەحمەد شەرع سەرۆکى سوریا بە نیازە بەم زووانە پەیڕەوی ناوخۆی ئەنجومەنی گەل پەسەند بکات. هەروەها پێشبینی دەکەن هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەو وڵاتەش دوابخات کە بڕیارە لە ١٥-٢٠ی ئەیلولى داهاتوو بەڕێوەبچێت.

لە کۆتایی مانگی تەمموزدا، شەرع نەخشەڕێگەى کۆتایی سیستەمی هەڵبژاردنی کاتی بۆ ئەنجوومەنی گەلی سوریا وەرگرت، کە چەندین هەموارکردنەوەی وردەکارییەکانی لەخۆگرتبوو، دیارترینیان زیادکردنی ژمارەی کورسییەکان بوو لە ١٥٠ کورسییەوە بۆ ٢١٠ کورسی.

بڕیارە لە نێوان رۆژانی 15 بۆ 20 مانگی داهاتوو هەڵبژاردنی ئەنجومەنی گەل پەرلەمان لە سوریا بەڕێوەبچێت و ژمارەی ئەندامانی 210 پەرلەمانتار دەبێت، بەبڕیاری ئەحمەد شەرع سەرۆکی سوریا 140ـیان لەلایەن دەستەی هەڵبژاردنە ناوخۆییەکانەوە هەڵدەبژێردرێن، بەڵام 70ـیان راستەوخۆ لەلایەن شەرعەوە دیاری دەکرێن.

سەرچاوە سوورییەکان، لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵی عەرەبیە کە نەیانویست ناویان ئاشکرا بکەن، هۆکارى بڕیارەکەى شەرع بۆ ئەوەدەگەڕێننەوە کە ڕووداوو گرژیەکانى ناوچەی سوەیدا بەردەوامە، هەروەها ناکۆکی لەگەڵ هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) کە بەشێکی بەرچاو لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریای کۆنترۆڵکردوە گەڕاندەوە، ئەمانە وایکردوە بیرلەدواخستنى بکەنەوە.

بڕیارە سیستمە نوێیەکە گەرەنتی بەشداریکردنی 20%ی ژنانی سوریا لەو ئەنجومەنە بکات، بەپێی سیستمی هەڵبژاردنی کاتی، ئاماژەیە بۆ کاراکردنی ڕۆڵی ژنانی سوریا لە داڕشتنی دەوڵەتی هاوچەرخدا.

لەدوو ڕۆژى ڕابردوودا هاوسەرۆکی پارتی سوریای داهاتوو رایگەیاند، هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی مانگی داهاتوو، یاسایی نییە، چونکە نوێنەری هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگەی سوریا لەخۆناگرێت.

کەوسەر دۆکۆ بە ئاژانسی هاوارنیوزی گوتووە، هەڵبژاردنەکانی پێشوی سەردەمی رژێمی سوریا بە شێوەیەکی فەرمی بوون، بەڵام  رەنگدانەوەی ئیرادەی جەماوەر نەبوون، هەڵبژاردنی داهاتووش لەو بازنەیە دەرناچێت و نابێتە سەکۆیەکی راستەقینە بۆ بڕیاردان.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار